گیان لەدەستدانی ٣٣ کەس بە هۆی ماددەی هۆشبەرەوە لە شاری ورمێ

14:56 - 3 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: زیاتر لە ٣٠ کەس لە هاووڵاتییانی شاری ورمێ لە ساڵی ٩٧دا، بە هۆی ماددە سڕکەرەکانەوە، گیانیان لەدەست داوە.

بەرپرسی هێزە ئینتزامییەکانی شاری ورمێ ڕایگەیاند: \"٣٣ کەس لە هاووڵاتییانی شاری ورمێ، بە هۆی کێشانی ماددە سڕکەرەکانەوە لە ساڵی ٩٧دا، گیانیان لەدەست داوە.

\"مەسعوود خوڕەمنیا\"، لە وتووێژ لەگەڵ میدیاکاندا ڕایگەیاند: \"لە کۆی ئەو ٣٣ هاووڵاتییە کە بە هۆی ماددەی هۆشبەرەوە گیانیان لەدەست داوە، ٣٢ کەسیان پیاو و یەکێکیشیان ژن بووە.\"

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی پزیشکی یاسایی ئێران لە ساڵی ٩٧دا، ٣ هەزار و ٦٧٢ کەس لە ئێراندا بە هۆی کێشانی ماددەی سڕکەرەوە گیانیان لەدەست داوە و ئەم ئامارە بەنیسبەت ساڵی ٩٦، کە ٣ هەزار و ٥٦ کەس بووە، ٢٠ لەسەد زیادی کردووە.

بەپێی ئەو ئامارە، ڕۆژانە نزیک بە ١١ کەس لە ئێراندا، بە هۆی کێشانی ماددەی هۆشبەرەوە، گیانیان لەدەست دەدەن.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ماددە سڕکەرەکان، زیاتر لە یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار تووشبوو لە ئێراندا بوونیان هەیە و ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئامارە نافەرمییەکان باس لە بوونی چوار ملیۆن تووشبوو بە ماددە سڕکەرەکانەوە لە ئێراندا دەکەن.

هەروەها بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، نزیکەی ٨٠٠ هەزار کەس بە شێوەی کاتی و بۆ ڕابواردن، ماددەی سڕکەر بەکاردەهێنن.

مێژووی گیرۆدەبوون بە ماددەی هۆشبەر لە ئێراندا، بۆ دەورانی بنەماڵەی سەفەوییەکان دەگەڕێتەوە و بە شێوەی چاندنی تووی خەشخاش، پەرەیان بە بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەری \"تریاک\" داوە.