گیان لەدەستدانی کرێکارێک بەهۆی رەچاونەکردنی ئیمەنی

14:01 - 12 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی بیناسازی کورد لە شاری ورمێ بە هۆی کەمتەرخەمیی و لەبەرچاونەگرتنی ئیمەنیی کار، تووشی ڕووداوی کاربوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژ پێنجشەممە ١١ی خەزەڵوەر، کرێکارێکی کورد لە کاتی کارکردن لە بینایەکی چەند نهۆمی بەربووە و گیانی لە دەست دا.

هەواڵنیری کوردپا شوناسی ئەو کرێکارە کوردەی \"م.الف\" خەڵکی گوندی \"کوره ئەنزەڵ\"ـی شاری ورمێ ڕاگەیەندراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو ڕووداوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"ئەو کرێکارە کوردە، کرێکاری بیناسازی بووە و بە هۆی ڕەچاونەکردنی ئیمەنی کار، لە بینایەکی سێ نهۆمی بەربووە و بەسەختی بریندار بوو و ئەمەش بووتە هۆی گیان لە دەست دانی ئەو کرێکارە کوردە\".

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خەزەڵوەر، کرێکارێکی کورد لە کاتی بەستنی داربەست لە نەخۆشخانەی \"کەوسەری\" شاری سنە، گیانی لە دەست دا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سنە، شوناسی ئەو کرێکارە کوردە بە ناوی \"ڕەزا مورادی\" ڕاگەیاندووە.

بە وتەی بەرپرسانی وەزارەتی تەعاون، کار و خۆشبژی کۆمەڵایەتی، ساڵانە لە ئێران ٤٧٪ کرێکارانی بیناسازی تووشی ڕووداوی کار دەبن.

هەروەها کانوونی ئەنجومەنی سێنفی کرێکارانی بیناسازی لە ئێران ڕایگەیاندبوو، زیاتر لە یەک میلیون کرێکارانی بیناسازی لە ئێران هیچ بیمەیەک نایانگرێتەوە.