گیان لەدەستدانی زیندانییەکی کورد لە زیندانی ورمێ

20:35 - 9 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ورمێ لە زیندانی دەریای ئەو شارەدا و بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رەشید نەوجەوان خەڵکی گوندی \"هاشم ئاوا\"ی سەربە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ پاش ئەوەی لە زیندانی ورمێدا تووشی جەڵتەی مێشک بووە، لە ئەنجامدا بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

هێندێک لە زیندانیانی ورمێ ئەو شێوە گیان لەدەست دانانەی زیندانیان بۆ نەبوونی ئیمکاناتی فریاکەوتن لەو زیندانەدا دەگەڕێننەوە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لەماوەی رابردوودا چەندین کەس لە زیندانیانی زیندانی ورمێ بەهۆی لێدرانی دەرزیی هەڵەوە، بەشێک لە ئەندامانی جەستەیان لەکار کەوتبوو.

یەکێک لە زیندانیانی زیندانی ورمێ بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ بارودۆخی بێهداشتی و دەرمانی لە زیندانی ورمێ قەیراناوییە و بێهداریی زیندانیش بچووکترین ئاوڕ لە زیندانیانی نەخۆش ناداتەوە.

ئەو زیندانییە گوتیشی؛ \"نە تەنیا بەرپرسانی زیندان، بەڵکوو بێهداریی زیندانیش بەرپرسیارەتیی کەسانی نەخۆش بە ئەستۆ ناگرن کە تەنانەت بەهۆی بێ ئیمکاناتییەو ەباری تەندروستییان تێک دەچێت:.

یەکێک لە کارمەندانی زیندان بۆ هەواڵنێری کوردپای ئاشکرا کردووە، کە نزیک بە ١٠ رۆژ پێش ئێستا و بەهۆی مردنی زیندانیانەوە کە لە ئەنجامی نەبوونی ئیمکاناتی پزیشکییەوە بووە، لیژنەیەک لە تارانەوە بۆ پێڕاگەیشتن بە زیندانیانی ورمێ هاتوون، بەڵام سەرەڕای پێدانی بەڵێنی بە زیندانیان، بەڵام هەتا ئێستا بەڵێنییەکانیان جیبەجی نەکراوەو هیچ گۆرانێک لە دۆخی تەندروستی و بێهداشتیی زینداندا رووی نەداوە.

لەماوەی رابردووشدا زیندانیانی سیاسیی زیندانی ورمێ بەهۆی نەبوونی ئیمکانات و خراپیی دۆخی تەندروستییەوە بۆ ماوەی ٣٣ رۆژ مانیان لە خواردن گرتبوو.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، کە بێهداریی زیندانی ورمێ یەک پزیشکی هەیە، کە ئەویش لە کاتی ئیداریدا لە بێهداریی زینداندا کار دەکات، ئەوەش لە کاتێکدایە، کە زیندانی ورمێ نزیک بە ٥ هەزار زیندانیی تێدا راگیراوە.

نەبوونی ئیمکاناتی پزیشکی و کادری پزیشکی لە کاتی پێویستدا، هەڕەشە لە گیانی زیندانیانی زیندانی ورمێ دەکات.