گیان لەدەستدانی دووهەمین خوێندکاری کورد لە زانکۆی زانستی پزیشکیی کوردستان

11:47 - 29 جۆزەردان 2720

کچە خوێندکارێک بە ناوی "پگاە ئەلماسی" لە ڕشتەی پزیشکیدا لە زانکۆی زانستی پزیشکی و خەدەماتی بێهداشتی و دەرمانیی کوردستان، بە هۆکاری نادیار گیانی لە دەست دا.

ئەو کچە خوێندکارە، خوێندکاری وروودیی ساڵی ٩٦ لەو زانکۆیەیە و هەتا ئێستا هۆکاری گیان لەدەستدانی ئەو خوێندکارە ناڕوونە.

لەو پەیوەندییەدا، حەوتووی ڕابردوو، خوێندکارێکی کورد خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی "ئومید ڕەشیدی" تەمەن ٢٦ ساڵ کوڕی قاسم، لە ماڵەکەی خۆیدا، تەرمەکەی دۆزرایەوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئومید ڕەشیدی بە ئاژانسی "کوردپا"ی رایگەیاند: "پاش ئاگادارکردنەوەی لەلایەن زانکۆی زانستی پزیشکی بەنیسبەت گیان لەدەستدانی ئەو خوێندکارە کوردە، پزیشکی یاسایی پێی ڕاگەیاندووین کە ئومید بەهۆی جەڵتەی دڵ گیانی لەدەست داوە.

هەرچەند هەتا ئێستا بەرپرسانی زانکۆی زانستی پزیشکیی کوردستان لە سنە، هیچ ڕوونکردەوەیەکی سەبارەت بە گیانی لەدەستدانی ئەو دوو خوێندکارە نەداوە، بەڵام سەرچاوە نافەرمییەکان باس لە گیان لەدەستدانی ئەو خوێندکارانە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەن.