گیان لەدەستدانی خوێندکارێکی جوانڕۆیی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی کرماشان

12:29 - 30 جۆزەردان 2720

خەلیل مورادی تەمەن ٣٢ ساڵ، خوێندکاری دەرماننسازیی زانستی پزیشکیی کرماشان، لە گرتنگەی ئیتلاعاتی کرماشان گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو خوێندکارە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، بیروباوەڕی گرووپە مەزهەبییەکانی هەبووە و لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧، لە دەرمانسازییەکەیدا، لە شوێنی کارەکەی لە کرماشان، لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "چەندین جار بنەماڵەی ئەو خوێندکارە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان سەردانی ناوەندە قەزاییەکانیان کردووە، بەڵام وەڵامێکی ڕوونیان دەست نەکەوتووە".

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی پشتڕاست کردەوە ، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابروودا، خەلیل مورادی لەگەڵ بنەماڵەکەی هیچ چاوپێکەوتن و پەیوەندییەکی تەلەفوونیان نەبووە.

ئەو سەرچاوەی ئاگادارە دەڵێت: "ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی جۆزەردان لەگەڵ بنەماڵەی ئەو خوێندکارە پەیوەندیی گرتووە، کە بۆ ناساندن و وەگرتنەوەی تەرمی کوڕەکەیان سەردانی پزشکی دادوەری کرماشان بکەن".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: "هەتا ئێستا هۆکاری گیان لەدەستدانی ئەو خوێندکارە لە گرتنگەی ئیتلاعات ڕوون نییە وپزیشکی دادوەریی کرماشان هۆکاری گیان لەدەستدانی ئەو خوێندکارەی ڕانەگەیاندووە."