گیان لەدەست دانی گوماناویی کچێکی تەمەن ١٣ ساڵ لەشاری بانە

16:09 - 9 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: بە گیان لەدەست دانی گوماناویی کچێکی تەمەن ١٣ ساڵەی خەڵکی شاری بانە، ئاماری کوژران و مەرگی گوماناویی ژنانی کورد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا (لە ماوەی ٤٠ رۆژی رابردوودا) لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران گەیشتە ١٠ کەس.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ کچێک بەناوی ئەنیسە زەمانی تەمەن ١٣ ساڵە و خەڵکی شاری بانە، بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا.

ئەو کچە تەمەن ١٣ ساڵەیە، کە لە ماڵی باوە پیارە (زڕباوک) بووە، کاتژمێر ٢ی نیوە شەوی شەممەی رابردوو رێکەوتی ٧ی خاکەلێوە گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیووبی لە شاری بانە و پاش گەیشتن بە نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ پەرستار و ماماکانی نەخۆشخانە سەلاحەدینی ئەیووبی رایانگەیاند، کە ئەو کچە تەمەن ١٣ ساڵەیە بەهۆی دەستدرێژیی جنسییەوە گیانی لەدەست داوەو ئاسەوارەکەی بە جەستەیەوە دیار بووە.

ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد، مەرگی ئەنیسەی تەمەن ١٣ ساڵ لەلایەن پزیشکی دادوەرییەوە سەرپۆشی خرایە سەر و هۆکاری مردنەکەی بە جەڵتەی دڵ لە قەڵەم درا، ئەو ئیدیعایەی پزیشکی دادوەریش لە حاڵێک دایە، کە ئەو کچە هیچ پێشینەیەکی نەخۆشیی دڵی نەبووە.

لەلایەکی دیکەوەو بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، لە رۆژانی رابردوودا ژنێکی تەمەن ٢٤ ساڵەی خەڵکی شاری رەبەت، بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە هەوڵی کوژرانی درا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، نیشتمان رەحمان‌زادە تەمەن ٢٥ ساڵ خەڵکی شاری رەبەت، کە لەگەڵ کوڕە خۆشەویستەکەی خۆی رۆیشتبوو، لەلایەن براکانییەوە بە زەبری چەک بریندار کرا.

سەرچاوەکە گوتیشی، ئەو ژنە ٤ گولـلە بەر سک و رانی کەوتووە و دواتر براکانی دەست و مچەکی ئەو کچەیان چەقۆ ئاژن کردووە و بە توندی برینداریان کردووە.

گوتیشی لەو رووداوەدا کوڕەکەش، کە خەڵکی شاری بانە بووە، گولـلەیەکی بەرکەوتووە و کچەکەش پاش ٦ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی شاری بانە، چۆتەوە ماڵی کوڕەکە.