گیان لەدەست دانی گوماناویی مامۆستایەكی كوردی زانكۆی كرماشان+وێنە

13:24 - 12 رەشەمه 2713
ئاژانسی كوردپا: دوكتوڕایەكی كۆمەڵناسی و كەسایەتییەكی دیاری ناوچەی كرماشان دوای بانگهێشت كردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات، بەشێوەیەكی تەم و مژاوی گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی شەممە رێكەوتی ١٠‌ی رەشەمە، دوكتور هوومەن گوودەرزی تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵكی شاری گیلانغەرب لە نەخۆشخانەی \"خمینی\"ی شاری كرماشان، کۆتایی بەژیانی هات.

\"18568.jpg\"
دوكتور هوومەن گوودەرزی، بەشێوەیەكی تەم و مژاوی گیانی لەدەست دا
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە هەواڵنێری كوردپای راگەیاندووە، دكتور هوومەن بە بەردەوامی لەژێر فشار و چاودێری هێزە ئەمنییەكانی كرماشاندا بوو، کە رۆژی شەممە رێكەوتی ١٠‌ی رەشەمە چەند كاتژمێرێک بەر لە گیان لەدەست دانی، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری كرماشانەوە بانگهێشت و لێپێچینەوەی لێكرابوو.

سەرچاوەكە ئەوەشی خستۆتەڕوو، دوكتور گوودەرزی پاش چەند كاتژمێر لێپرسینەوە و ئازادکران لە ئیدارەی ئیتلاعات، لەلایەن چەند هاووڵاتییەكەوە لە کاتێکدا باری تەندروستیی تێکچووبوو، لە سەر شەقام دۆزراوەتەوە و دەستبەجێ‌گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.

پزیشكانی نەخۆشخانەكە هۆكاری گیان لەدەست دانی ئەو مامۆستایەی زانكۆیان جەڵتەی دڵ راگەیاندووە، ئەمە لەحاڵێكدایە بەوتەی كەسێكی نزیكی ئەو بنەماڵەیە، دكتور هوومەن گوودەرزی هیچ چەشنە نەخۆشییەكی نەبووە و بنەماڵەكەی لە مەرگی بە گومانن.

دكتور هوومەن مانگی گەلاوێژی ئەمساڵیش بۆ ماوەی یەک مانگ بە تۆمەتی هاوكاری لەگەڵ حیزبێكی سیاسیی دژبەری حكوومەتی ئێران لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای كرماشاندا لەدەستبەسەری‌دا بوو.

\"18567.jpg\"
دكتور هوومەن گوودەرزی بڕوانامەی دوكتوڕای كۆمەڵناسی لە زانكۆی ئەهواز وەرگرتبوو، کە بۆ ماوەی ٩ ساڵیش، راوێژكاریی قەزایی زیندانی دیزڵ ئابادی كرماشان بووە.

بە وتەی چەند كەسێكی ئاگادار لەماوەی ئەو چەند ساڵەی دواییدا سێ‌دوكتوڕای كورد كە لە زانكۆی ئەهواز بڕوانامەی كۆمەڵناسیان وەرگرتووە، بەشێوەیەكی گوماناوی گیانیان لەدەست داوە.

دكتور هوومەن گوودەرزی ساڵی ١٣٥٥ لەشاری گیلانغەرب لەدایک بووە و مامۆستای زانكۆ لە زانستگەكانی ئوستانی كرماشان بووەو باوكێشی بە ناوی \"مەهدی گوودەرزی گیلانی\" سەرهەنگی خانەنشین كراوی هێزی هەوایی لە کەسایەتییە دیارەكانی ناوچەی كرماشان بوو.

تەرمی دكتور هوومەن گوودەرزی رۆژی یەكشەممە رێكەوتی ١١‌ی رەشەمە لەشاری گیلانغەرب ئەسپەردەی خاک كراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری گیلانغەربەوە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، لە بیانیی رۆژی یەکشەممەوە، شاری گیلانغەب بە هێزێکی زۆری نیزامی و یگانی تایبەت میلیتاریزە کراوە و دۆخیکی ئەمنییەتی باڵی بەسەر شاردا کێشاوە.