گیان لەدەست دانی سێ لاوی کورد لە رووداوی هاتووچۆ و خنکان لە ئاودا

16:02 - 23 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: لە دوو رووداوی جیاوازدا لە شارەکانی سونقوڕ و جوانڕۆی سەربە ئوستانی کرماشان، سێ لاوی کرد گیانیان لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاشنیوەڕۆی رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٢ی خەرمانان لاوێکی تەمەن ٢٠ ساڵەی خەڵکی کامیاران کە لە بەنداوی \"سولێمان شا\"ی سونقوڕدا سەرقاڵی مەلە کردن بوو، بەهۆی نەبوونی شارەزایی تەواو بە مەلە کردن، لە ئاودا خنکا.

یەکێک لە شایەتحاڵان بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، دەسبەجێ ئیدارەی فریاکەوتنمان لەو رووداوە ئاگادار کردەوە، بەڵام پاش نیو کاتژمێر گەیشتنە شوێنی ئەو رووداوە و دوای ٢٠ خولەک گەڕان لە نێو ئاودا، بە بێ ئەوەی تەرمی ئەو لاوە کوردە بدۆزنەوە، بەرەو سونقوڕ گەڕانەوە\".

ئەو شایەتحاڵە باسی لەوەش کرد کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا سێ هاووڵاتی لەم بەنداوەدا خنکاون و ئەمەش لە کاتێک دایە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ هێمایەکەی ئاگادار کردنەوەیان لەو بەنداوە دانەناوە و نەتەنیا چاوەدێری ئەو بەنداوەش ناکەن، بەڵکو هیچ مەلەوانێک بۆ رزگار کردنی نوقم بوان لەو بەنداوە، دانەندراوە.

هەروەها بە پێی ئاماری ئیدارەی ئاگرکوژێنەوەی ئوستانی کرماشان لە سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە هەتا کۆتایی مانگی گەلاوێژ، ٣٢ هاووڵاتی لە چۆماوەکانی ئوستانی کرماشاندا خنکاون.

لەلایەکی دیکەوە و پاشنیوەڕۆی رۆژی رابردوو، بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆ لە شاری جوانڕۆ، دوو ماتۆڕ سوار گیانیان لە دەست دا.

بە وتەی شایەتحاڵان، ئەو رووداوە بە هۆی سەرپێچی کردنی ماشێنی هاووڵاتییەک هاتۆتە ئاراوە، یەکێک لە ماتۆڕ سوارەکان دەستبەجێ گیانی لە دەست داو ئەو کەسەی دیکەشیان ئەمڕۆ شەممە لە نەخۆشخانەی شاری جوانڕۆ، بەهۆی کاریگەریی برینەکانیەوە گیانی لەدەست داوە.
\"15275.jpg\"

\"15276.jpg\"