گیان لەدەست دانی تراژیکی زیندانییەکی سیاسیی پێشوو لەشاری شنۆ

20:04 - 12 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، کەلە ئەنجامی ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا تووشی کێشەی دەروونی هاتبوو، بەهۆی بەفر و سەرماوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سمایل قادرزادە زیندانیی سیاسیی پێشوو کە بەهۆی ئەشکەنجەی هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە تووشی کێشەی دەروونی هاتبوو، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١١ی بەفرانبار بەهۆی بەفر و سەرماوە بووە قوربانی.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ سمایل قادرزادە ساڵی ١٣٧٣ هەتا ساڵی ١٣٨٤ لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ لەزینداندا بوو، کەلە ئەنجامی ئەشکەنجەی ‌هێزە ئیتلاعاتییەکاندا مێشکی تێکچووبوو.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد، سمایل قادرزادە بۆ ماوەی نزیک بە ١٠ ساڵ و هەتا ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی مامۆستای قوتابخانەی \"سەعدی ئەمینی\" شاری شنۆ بووە و بە تاوانی ئەندامەتی لەیەکێک لە حیزبە کوردییەکان لەسەر کار دەرکراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، کە سمایل قادرزادە لەماوەی راگیرانی لەزیندانی ورمێ بەتوندترین شێوە بەرەوڕووی ئەشکەنجەی هێزە ئیتلاعاتییەکان ببوویەوە.

سەرچاوەکە روونیشی کردەوە، ئەو هاووڵاتییە کە بۆ ماوەی ١١ ساڵ لە زینداندا بوو، ٤ ساڵ پێش ئەوەی ئازاد بکرێت تووشی کێشەی دەروونی هاتبوو، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، تەنیا پاش تەوابوونی حوکمەکەی لە زیندان ئازاد کرا.

دەگوترێت کە سمایل قادرزادە پاش ئازاد کران لەزیندان، بەهۆی تیکچوونی مێشکییەوە تەنانەت کەسوکاریشی نەناسیوەتەوە و لە کۆڵانەکانی شاری شنۆ ئاوارە سەرگەردان بووە.