گیان لەدەست دانی بەرکەوتوویەکی کیمیا بارانی شاری نۆدشە + وێنــە

16:47 - 6 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: کەمئەندامێکی کیمیابارانی شاری نۆدشە بەهۆی ئاسەواری چەکی کیمیاییەوە لە نەخۆشخانەیەکی شاری تاران گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی رابردوو یەکێک لە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە شاری نۆدشەی سەربە ئوستانی کرماشان بەناوی \" فایەق فەلاحی\" کوڕی محەمەمد ئەمین لە نەخۆشخانەی \"بەقیەتوڵڵا\"ی تاران گیانی لەدەست دا.

\"14949.jpg\"
فایەق فەلاحی،کوڕی محەمەمد ئەمین لە نەخۆشخانەی بەقیەتوڵڵا\"ی تاران گیانی لەدەست دا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کوردە بەڕێــژەی لە سەدا حەفتا تووشی کەمئەندامی بووە کە ماوەی ٢٦ ساڵە بەو هۆیەوە لە جێگەدا کەوتبوو.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، پێشتریش خوشک و دوو برای فایەق فەلاحی بە ناوەکانی \"محەممەد کەریم\" و \"محەممەد\" هەروەها ٥ کەسی دیکە لە کەسووکاری نابراو بەهۆی چەکی کیمیایەوە گیانیان لەدەست داوە.

فایەق ئەمینی تەمەن ٥٥ ساڵ، باوکی ٤ منداڵ و دانیشتووی شاری نۆدشەی سەربە ئوستانی کرماشان بووە.

شاری نۆدشە لە مەودای ١٠ کیلۆمیتــریی سنووری ئێران - ئێــراق هەڵکەوتووە کە ساڵی ١٣٦٦ لە ئەنجامی شەڕی نێوان ئێــران و ئێــراق کەوتە بەر کیمیابارانی حکوومەتی پێشووی ئێـراق و لەماوەی ئەو ٢٦ ساڵەی رابردوودا زیاتر لە ١٠٠ کەس لە کۆی ٥٠٠ کەس بەرکووتووی ئەو چەکە، گیانیان لەدەست داوە.