گیان لە دەستدانی کرێکارێکی سەقزی بە هۆی ڕووداوی کارەوە

16:13 - 10 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کورد خەڵکی شاری سەقز، بە هۆی ڕووداوی کارەوە لە شاری بانە گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٨ی بانەمەڕ، کرێکارێکی کورد خەڵکی شاری سەقز، لە کاتی کارکردن لە یەکێک لە پاساژەکانی شاری بانە تووشی ڕووداوی کار بوو.

شوناسی ئەو کرێکارە سەقزییە بە ناوی\"سینا مورتەزا‌پەنا\" خەڵکی گوندی \"تیزاوا\"ی شاری سەقز ڕاگەیەندراوە.

ئەو کرێکارە کوردە لە پاساژی \"ئافتابی درەخشان\"ـی شاری بانە بە هۆی بەربوونەوە لە کاتی کارکردن لە نهۆمی دووهەم، گیانی لە دەست دا.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، سەرەڕای بارودۆخی نالەباری ئابووری و دۆخی خرابی کار لە ئێران، دابین کردنی بارودۆخی دڵنیای کار کەمتر لە لایەن بەرپرسانی حکوومەتییەوە سەرنجی لێداراوە و ئەمە لە کاتێکدایە کە لە بەرچاوگرتنی ئوسووڵی ئیمەنی کار لە کاتی کار کردنی لە بیناکان دەتوانێ پێش لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو بگرێت.