گیان لە دەستدانی کاسبکارێکی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەتی لە پیرانشار

01:52 - 18 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی کوشتنی کۆڵبەران و کاسبکاران لە کوردستان، کاسبکارێکی کورد خەڵکی شاری پیرانشار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران گیانی لە دەستدا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٧ی جۆزەردان، ژمارەیەک لە کاسبکارانی کورد لە ناوچەی \"مێرگە چەکۆ\" لە نزیک گوندی \"زێوکە و ماشکان\" سەر بە شاری پیرانشار دەکەونە بۆسەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران و لە ئەنجامی دەسڕێژی تەقەی هێزە نیزامییەکان، کاسبکاریکی کورد بە ناوی \"ئەسعەد حەسەن‌زادە\" کوڕی خەلیل خەڵکی پیرانشار دەسبەجێ گیانی لە دەست دەدات.

\"\"ئەسعەد حەسەن‌زادە
تەرمی ئەو کاسبکارە کوردە، پاش گواستنەوەی بۆ ساردخانەی نەخۆشخانەی شاری پیرانشار، ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوە. ئەو کاسبکارە کوردە، خێزاندار و باوکی چەند منداڵ بووە.

لەو پەیوەندییەدا، شەوی چوارشەممە ١٦ی جۆزەردان، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە بەرزاییەکانی \"کێلەشین\" سەر بە شاری شنۆ، دەکەونە بۆسەی هێزەکانی سپای پاسداران و لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانە، دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی \"ش.ج\" تەمەن ٣٢ ساڵ و \"د.ی\" تەمەن ٢٨ ساڵ بە سەختی بریندار بوون.

ئەم دوو کۆڵبەرە کوردە، کە گوللە بە سێنگ و لاقیان کەوتووە، بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی سۆران لە هەرێمی کوردستان کراون و دواتر \"ش.ج\" بە هۆی سەختی برینەکەیەوە بۆ ناوەندەی دەرمانی شاری هەولێر گوێزرایەوە.