گیان لە دەستدان و برینداربوونی ٧ کۆڵبەری کورد بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ

12:32 - 4 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی جۆری \"ئیستشن\" هەڵگری ٧ کۆڵبەری بانەیی لە ڕێگای بانە ـ ئارمردە بەداخەوە کەسێک گیانی لە دەست دا و ٦ی دیکەش برینداربوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێر ٧ی شەوی هەینی ٣ی سەرماوەز، بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی جۆری \"ئیستشن\" هەڵگری کۆڵبەرانی بانەیی لە ڕێگای بانە ـ ئارمردە بەداخەوە کەسێک گیانی لە دەست دا و ٦ی دیکەش برینداربوون.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردەی \"ڕێبوار سەعیدی\" تەمەن ٣٢ ساڵ و خێزاندار ڕاگەیاندووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: وەڕگەڕانی ئیستشنی هەڵگری ئەو ٧ کۆڵبەرە کوردە لە ڕێگای گوندی \"کۆچەری\" شاری بانە تووشی ئەو ڕووداوە هاتوون.

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، ئەو ٦ کەسەی دیکە بە هۆی ئەو ڕووداوەوە بە سەختی برینداربوون و ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری بانە کراون.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری کوردپا، لە مانگی ژانوویە هەتا مانگی ئۆکتوبر ١٧٧ کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆ، بەربوونەوە، هەرەسی ڕنوو، سەرمابردووی، جەڵتەی دڵ و ڕووداوی هاتووچۆ کوژراو و بریندار بوون.