گۆڕینی مەسیری جاددەی سنە – مەریوان، هەژاریی دەیان بنەماڵەی لێکەوتەوە

15:27 - 15 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: گۆڕینی جاددەی سەرەکیی سنە – مەریوان، کەلە شارۆچکەی شوێشە و چەند گوندێکی دیکەوە تێپەڕ دەبوو، هەژاری و بێکاریی سەدان هاووڵاتی و مەترسیی چۆڵبوونی ئەو گوندانەی لێەکەوتۆتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ماوەی نزیک بە دوو مانگە رێگەی سەرەکیی سنە – مەریوان، کە بە نێو شارۆچکەی شوێشە و لە نزیک دەیان گوندی دیکەی ئەو ناوچەیەدا تێپەڕ دەبوو، بە بیانووی خراپیی مەسیری ئەو جاددەیەوە، بۆ مێحوەری گاڕان تیژتیژ گۆڕدرا.

ئومید کەریمیان نوینەری مەجلیسی ئیسلامی لە مەریوان لە لێدوانێکدا بە هەواڵدەریی تەسنیمی راگەیاندبوو؛ \"گۆڕینی مەسیری ئەو جاددەیە و تەکمیل کردنی پڕۆژەکە، یەکێک لە داخوازییە دێرینەکانی خەڵکی ناوچەکەیە\".

وتەکانی ئەو نوێنەرەی مەجلیسی ئیسلامی لە کاتێکدایە، کە یەکێک لە دانیشتوانی شارۆچکەی شوێشە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ بەهۆی گۆڕدرانی مەسیری جاددەی سنە – مەریوان، چەندین ریستوران، سووپر مارکێت، دووکان، فرۆشگە، کارگەی میکانیکی ئۆتۆمبێل کەلە سەر ئەو جاددەی هەڵکەوتبوون، داخراون و خاوەنەکانیان نابووت و مایە پووچ بوون.

ئەو هاووڵاتییە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتیشی؛ بەشێک لە هاووڵاتییانی ئەم ناوچەیە، کە بە ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵ بوون و لە رێگەی فرۆشتنی بەرهەمە شیرەمەنییەکانی وەکوو (ماست، دۆ، پەنیر و کەرە)وە، کە لەسەر جاددەی شوێشە دەیانفرۆشت و بژیویی ژیانیان دابین دەکرد، کڕیارەکانیان لەدەست داوەو هەژاری داوێنی خەڵکەکەی گرتووە.

دەشڵێت؛ جاددەی شوێشە تاقە سەرچاوەی داهاتی زۆربەی خەڵکی هەژاری ئەم ناوچەیە بوو، کە بەهۆی گۆڕدرانی مەسیرەکەیەوە، ئەم سەرچاوەی داهاتەش فەوتا و خەڵکەکەش هیچ رێگە چارەیەکیان جگە لە کۆچکردن بۆ شارەکانی دەوروبەریان نییە.

جاددەی کۆنی سنە – مەریوان، بەهۆی خاڵی سنووریی باشماخەوە و هەروەها ناوچەی گەشتیاری و توریستییەوە، رۆژانە بە دەیان هاووڵاتی لە شار و ناوچەکانی دیکەی ئێرانەوە روویان تێ دەکرد، کە گۆڕینی مەسیری ئەو جاددەیە، زیانێکی گەورەی لە رووی داهات و دارایی و بە خەڵکی ناوچەکە گەیاندووە.