گۆڕینی تاکتیکی هێزە نیزامییەکان و زۆربوونی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە سنووری بانە

12:25 - 8 گەلاوێژ 2722

هێزە نیزامییەکان پاش گۆڕینی تاکتیکی بەکاربردنی چەکی تاپڕ بۆ تەقە کردن لە کۆڵبەران، هەنووکە لە چەکی ژ٣ و کڵاشینکۆف کەڵک وەردەگرن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە کوردپا، لە سەرەتای مانگی گەلاوێژەوە هەتا ئێستا دوو کۆڵبەر بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری بانە، گیانیان لەدەست داوە و ٧ کۆڵبەری دیکە لەو سنوورە، پێکراون.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: ماوەیەک بە بیانووی پێشگیری لە هاتنی هێزە کوردییەکان بۆ ناخۆی ئێران، هەموو پایگا سنوورییەکانی بانە، تاپڕەکانیان کۆکردووەتەوە و بە چەکی ژ٣ و کڵاشینکۆف، تەقە لە کۆڵبەران دەکەن.

لەو پەیوەندییەدا ڕۆژنامەنووسێکی دانیشتووی شاری بانە لەمەڕ هۆکاری زۆربوونی ڕێژەی برینداربوون و کوژرانی کۆڵبەران، لە سنوورەکانی ئەو شارە، بە کوردپای ڕاگەیاند: هۆکاری ئەوەی لە سنووری بانە زۆرتر کۆڵبەر دەکرێته ئامانجی گولـ‌لە ئەوەیە کە قەرەباڵغییەکی زۆر لەم سنوورەدا هەیە و لە ئێستادا‌ تەنیا سنووری کراوەی کوردستانە و لە تەواوی شارەکانی دەوروبەرەوە کۆڵبەر ڕوو دەکەنە ئەم شارە.

ئەو ڕۆژنامەوانە هەروەها دەڵێت: ئەوەی کە لەم ماوەیەدا ڕێژەی کوشتنی کۆڵبەران لە سنووری بانە زۆر بووە ئەگەڕێتەوە بۆ سێ هۆکار:

یەکەم؛ هاوردەکردنی ڕێژەیەکی زۆر کەلوپەل کە بەپێی یاسای ئێران قەدەغە کراوە، وەک خواردنەوە ئەلکولییەکان، چەکی ڕاو و کەرەستەی پێشساختەی ماددەی هۆشبەر کە لەم بابەتە تەنیا بەشی خواردنەوە ئەلکولییەکان دروستە و ئەو ئیدعایانەی تر دوورن لە ڕاستی.

دووەم؛ کوژرانی دوو کەس لە هێزەکانی ئینتیزامی لەسەر سنوور و ڕاگەیاندنی حکوومەت بەو جۆرە کە هێزێکی دژبەری ئێرانی ئەو کارەی کردووە لە حاڵێکدا ڕوون بووەتەوە کە کوشتنی ئەو دوو کادرە نیزامییە،  لە لایەن  پایگای خودی حکوومەت و هاوکارەکانی خۆیانەوە بووە و لەسەر بەرتیل و پارەوەرگرتن لە کۆڵبەر و قاچاقچییەکان کێشە کەوتووەتە نێوانیان.

سێیەم؛ ئیدعای ئەوەی کە تیمەکانی هێزەکانی دژبەری دەسەڵات و حیزبە کوردییەکان لە ژێر ناوی کۆڵبەر، یان بە هاوکاریی کۆڵبەرەکان سنوور ئەبەزێنن و دێنەوە ناوخۆی وڵات.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، بەپێی گرتە ڤیدیۆیەک کە لەلایەن هاووڵاتییانی شاری بانەوە بۆ کوردپا نێردراوە، هەنگی سنووریی بانە بە هاوکاریی ئیتلاعات، چەند ماشێنیکی نیزامییان ڕەوانەی "بلەکێو و چەم پاراو" کردووە.

هەروەها وەزیری ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێران لە سەردانێکی بۆ پارێزگای سنە، هەڕەشەی لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران کرد.

ئیسماعیل خەتیبی هەروەها ڕایگەیاند: ئەو وڵاتانەی هاوکاری لەگەڵ دوژمنانی ئێراندا بکەن، چاوەڕوانی تۆڵەکردنەوە بن.

هەڕەشەکانی وەزیری ئیتلاعاتی ئێران ئەو ڕاستییە دەخاتەڕوو کە لە سەر بڕیاری خۆیان و بە بیانووی پاراستنی ئەمنییەت و بوونی هێزە کوردییەکان لە سنوورەکانی بانە، کۆڵبەران دەکەنە ئامانج.