گۆلی \"زرێبار\" و\" ورمێ‌\" چوونە لیستی رەشی تاڵاوە كارەساتبارەكانەوە

13:40 - 14 رێبەندان 2714
ئاژانسی كوردپا: دۆخی قەیراناوی دوو زەریاچەی سروشتی لە كوردستانی ئێران، باس و خواستەكانی تۆمار كردنی ناوی ئەو دوو گۆلەی بۆ ناو لیستی رەشی \" مۆنێرۆ\" لە راستی نزیك كردۆتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، سەرەڕای هوشدارییەکانیی ساڵانی رابردووە چالاكانی ژینگەپارێزیی كورد سەبارەت بە قەیراناوی بوونی بارودۆخی ئێكۆلۆژیكی زرێبار و ورمێ‌، ئێستا دەنگۆی چوونی ناوی ئەو دوو گۆلە بۆ ناوی لیستی رەشەوە وەڕاست گەڕاوە.

\" مۆنترۆ\" ناوی یەكێک لەشارەكانی وڵاتی سویسە كە سەرجەم ئەو تاڵاو و زۆنگاوانەی كە لەگەڵ مەترسیی لەناو چوون و ئێكۆلۆژیكی\" بەرەوڕوون لە ناو لیستی مۆنێرۆدا تۆمار دەكرێن.

رۆژی ٢ فێوریەی هەموو ساڵێک رۆژ جیهانی زۆنگاو تاڵاوەكانە ولەماوەی چەند رۆژ رابردوودا چەندین بابەت و شی كردنەوەی تایبەت بە دۆخی گۆلی ورمێ‌ و زرێبار لە ماڵپەڕەكان بڵاو كرایەوە كە دۆخی قەیراناوی ئەو دوو زەریاچەیەی پشتڕاست دەكردەوە.

ئەنجومەنی سەوزی چیا لە مەریوان بابەتێكی لە نووسینی (بەیان نیک بین) بڵاو كردۆتەوە، كە تێیدا نووسەر پێشبینی ئەوەی كردووە كە تاڵاوی زرێباریش وەكوو شوێنەكانی دیكەی وەكوو \" شور گل\"، شادگان، هاموون و ئەنزەلی و ... خراوەتە لیستی رەشی \" مۆنتێرۆ\"‌وە.

ئەو چالاكە ژینگەپارێزییە باسی لەوەش كردووە، رژانی پاشماوە و ئاوەڕۆی ئاواییەكان بۆ ناو زرێبار، لێدانی بەنداوی دایك، پەرەگرتنی شارسازی، لێدانی بیری ئێرتەوازی، راو كردنی بێ‌ سەر و بەرە لەو هۆكارانەن كە زرێباری گەیاندۆتە ئەو دۆخە كارەساتبارە.

\"24521.jpg\"
وێنەی گۆلی ورمێ، کە نیشاندەری وشکبوونی زیاتر لە سەدا ٩٠ی گۆلەکەیە
ماوەیەك لەمەوبەر بەرپرسی ئیدارەی كشتوكاڵی ئوستانی كوردستان باسی لە چەندین حاڵەتی مەترسیدار بۆ سەر زرێبار كردبوو و بوونی قامیشەڵانی بە هەڕەشەیەكی گەورە بۆ سەر زرێبار لە قەڵەم دابوو.

دۆخی ئاڵۆز و كارەساتباری گۆلی زرێبار، چالاكانی ژینگە پارێزی ناچار كرد كە كەمپەینێك بە مەبەستی فریا كەوتنی زرێبار وەرێ‌ بخەن.

رۆژنامەی \"جەوان\"‌یش لە نوێترین ژمارەی خۆیدا باسی لە ئەگەری خرانە ناوی گۆلی ورمێ‌ بۆ ناو لیستەی رەشی مۆنێرۆ كردووە.

عەلی خودایی لە بابەتێكدا لەزاری جێگری ژینگەپارێزیی ئوستانی ئازەربایجانی رۆئاواوە نووسیویەتی: زەریاچەی ورمێ‌ لە بەرەبەری چوونی بۆ ناو لیستی رەش دایە.

كەڵك وەرگرتنی خراب و نابەجێ‌، دروست كردنی بەنداو، راو كردنی نایاسایی، كەم ئاوی و وشكە ساڵی، هێنانی ئاژەڵ و گیان لەبەری ناخۆجێی، لێدانی شاڕێیان، دەرهێنانی نەوت و ... لەو هۆكارانەن كە مەترسیی لەناو چوونی گۆلی ورمێیان پێك هێناوە.

ماڵپەڕ \" جام جەم ئانلاین\"‌یش لە زاری كارناسانی ژینگەپارێزی ئێرانەوە بڵاوی كردۆتەوە، كە نزیك بە ٧٥% تاڵاو زۆنگاوەكانی ئێران تووشی خەسار هاتوون و دۆخیان قەیراناوییە.

هەر لەو پێوەندییەدا ئیرنا بڵاوی كردبوویەوە، لە هەزار تاڵاو و زۆنگاوی ئێران ٨٠٠ دانەسات لە دۆخی قەیران دایە.