گۆلی زرێبار لەبەرەبەری لە ناوچوون دایە

20:47 - 9 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: به پێی دوایین لێکۆڵینەوەکان كه له سه‌ر بارو دۆخی گۆلی زرێبار ئەجام دراون، ده‌رکەوتووە کە رۆژ له دوای رۆژ ئاوی ئه‌م گۆله روو له كه‌مبوونه دەکات و ئه‌گه‌ری وشكبوونی یەکجاریی ئه‌م گۆله له چهند ساڵی داهاتوودا چاوڕوان دەکرێ.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ژینگە و حکوومەت و هەروەها تێكه‌ڵبوونی زێراب و فازڵاوی هێندێك گه‌ڕكەکانی ده‌ورووبه‌ری شاری مه‌ریوان بەو گۆلاوه، ئەگەری وشکبوونی ئەو گۆلاوە بەردەوام بەهێزتر دەبێت بە شێوەیەک ساڵ لە دوای ساڵ ئەو گۆلە بچووکتر دەبێتەوە.

ئەوە لە کاتێک دایە کە ساڵانە بە هەزاران گەشتیاری ئێرانی و بیانی روو لەو گۆلە و سەیرانگاکانی دەورووبەری دەکەن و سەرەڕای ئەوەیکە داهاتێکی بەرچاوی بۆ حکوومەت هەیە، بەڵام هەتا ئێستا لە بوونی خزمەتگوزاری بێبەرییە.

گۆلی زرێبار وەک یەکێک لە گه‌وره‌ترین گۆلاوە شیرینەکان لە جیهاندا بە بەرزایی ١٢٥٠ میتر لە ئاستی زەریا ئازادەکان و لە پارێزگای کوردستانی ئێران و بە مەودای ٣ کیلۆمیتر دوور و لە رۆژئاوای شاری مەریوان ھەڵکەوتووە.

وشكبوونی ئه‌م گۆله دهبێته هۆی تێكچوونی باری كه‌ش و هه‌وای ناوچه‌كه و هه‌روه‌ها كاریگه‌ری زۆر خراپی له سه‌ر ژیانی بوونه‌وه‌رانی ئه‌و ناوچه‌یه دەبیت و تەنانەت له باری ته‌ندرووستییه‌وه كاریگه‌ریی زۆر خراپی له سه‌ر دانیشتووانی ئەو دەڤەرە دەبێت.