گۆرانی‌بێژێکی کورد لە شاری ورمێ دەسبەسەر کرا

20:52 - 7 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان، گۆرانی‌بێژێکی کوردیان لە شاری ورمێ بە تۆمەتی \"خوێندنی سرودی حیماسی و شۆڕشگێری کوردی\" دەسبەسەر کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی ڕەشەممە، گۆرانی‌بێژێکی کورد بە ناوی \"پەیمان میرزازادە\" کوڕی نوردەین خەڵکی گوندی \"گەنگەچین\"ی ناوچەی سۆمای برادۆستی ورمێ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو گۆرانی‌بێژە کوردە بە تۆمەتی \"خوێندنی سرودی حیماسی و شۆڕشگێری کوردی\" دەسبەسەر و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ ڕاگوێزراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕەشەممە ئەم گۆرانی‌بێژە کوردە، پاش لێپرسینەوە بۆ زیندانی ناوەندی شاری ورمێ راگوێزراوە.

ئەو سەرچاوەیە ڕادەگەیەنێت: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ خوێندنی سرودی حیماسی کوردی لە لایەن ئەم گۆرانی‌بێژە کوردەوە بە \"پڕوپاگەندە دژی نیزام و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" لە قەڵەم داوە.

ئەو گۆرانێ‌بێژە کوردە، ڕێکەوتی ٢٧ی سەرماوەزی ساڵی ٩٦، بە تۆمەتی \"خوێندنی سرود حیماسی و شۆڕشگێری کوردی\" لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و لە حەوتووی دووهەمی بەفرانباری هەمان ساڵ لە لایەن لقی سێ دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام\" بەبێ گرتنی پارێزەر بە ٦ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.