گۆرانیبێژی گرووپی كوات: مۆسیقای كرمانجی لە شادترین حاڵەتیدا تژییە لە خەم

17:21 - 21 پووشپەڕ 2712
ئاژانسی كوردپا: یەلدا عەباسی گۆرانیبێژ و هونەرمەندی لاوی كوردی خوراسان لە دیمانەیەكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا باسی لە دەوڵەمەندی و هاوكاتیش خەم و پەژارە لە مۆسیقای كرمانجیدا كرد.

ئەو هونەرمەندە مۆسیقای كرمانجیی زۆر لە مۆسیقای رۆژئاوا پێ‌ باشترە.

دەقی وتووێژی ئاژانسی كوردپا لەگەڵ خانمی عەباسی:
ئاژانسی كوردپا: بیرۆكەی سەرەكیی دامەزراندنی گرووپی مۆسیقای \"كوات\" چ بوو و شێوازی هونەری و ئامانجی گرووپەكەتان چ جیاوازییەكی لەگەڵ گرووپەكانی دیكە هەیە؟
یەلدا عەباسی: برۆكەكەی دامەزران دەگەرێتەوە بۆ دایكم و ئێمە وەكوو گرووپی \"كوات\" لە هەوڵی ئەوە داین كە بایەخی زیاتر بە مۆسیقای باكووری خوراسان بدرێت و بە گۆڕانكاریی و شێوازی نوێ‌، و موسیقا رەسەنەكان كە بنچینەیان لە مێژووی ئێمەدا هەیە بە نەریتی خۆمان بە سەرجەم دونیا و نەوەی ئەمڕۆ و بەتایبەتی بناسێنین. شێوازی ئەم گرووپە تێكەڵاوێكە لە مۆسیقای مەقام و فۆلكلۆر.
\"5223.jpg\"
ئاژانسی كوردپا: مۆسیقا تێكەڵاوی ژیانی رۆژانەی كوردەكانی خوراسان بووە و مۆسیقای كرمانجی چ پەیامێكی بۆ ئێوە هەیە؟
یەلدا عەباسی: هۆكاری تێكەڵاو بوونی ئەو مۆسیقایە پێوەندیی بە پیشینە و رەسەن بوونی هەیە و ئامانجی من ناسینی نەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ زمانی دایكی و فەرهەنگیە و لە روانگەی منەوە مۆسیقای ئێمە زۆر دەوڵەمەندە و باشتر لە مۆسیقای رۆژئاوایە.

ئاژانسی كوردپا: لەبارەی مانای وشەی كوات و هەروەها ئالبۆمی كوات و ژەنیارەكانی ئەو گرووپە روون كردنەوەی زیاتر بە بەردەنگانی كوردپا بدەن؟
یەلدا عەباسی: وشەی كوات لە زاراوەی كرمانجیدا بە مانای بایەكی گەرمە كە مزگینیی هاتنی بەهار دەدات. ئەو ئالبۆمە پێكهاتووە لە 7 تراك بە ناوەكانی \"یارە، كلن دیتمام، شاە سیار، فاتمە، ئەلاخانی، زاری مەگری و نەنە\"یە و شێعرەكانی ئەو گۆرانیانە نەوە بە نەوە هاتووە و بەشێك لەو سێ‌ خشتەكییانە لەلایەن گۆڕانیبێژانی كرمانجەوە وتراونەتەوە.
زۆربەی ژەنیارانی ئەو ئالبۆمە كەسانی شارەزان و لە گرووپەكانی دیكەدا سەرقاڵی كار كردنن و بە شێوەی ئاكادمیش خوێندوویانە و زۆربەیان فارسن و ئەركی كۆكردنەوەی ئەو ژەنیارانە و رێكخستن و دابەشكردنی مۆسیقاكە لەلایەن \"عەلی جافری\"یەوە بووە و جێگای خۆیەتی كە دەست خۆشیی لێ بكەین.
\"5225.jpg\"
ئاژانسی كوردپا: مۆسیقای رەسەنی كوردی وەكوو سیمبۆلی كولتووری نەتەوەی كورد، لەنێو كوردانی كرمانجیی خوراساندا خاوەن چ پێگە و تایبەتمەندییەكە؟
یەلدا عەباسی: تایبەتمەندیی ئەو مۆسیقایە راستی بوونی میلۆدییەكانیەتی كە بەپێی رووداوە مێژووییەكانەوە وتراونەتەوە و لەلایەكی دیكەشەوە ئەو مۆسیقایە لە شادترین حاڵەتیدا خەمێكی تێدایە.

ئاژانسی كوردپا: بە بڕاوی ئێوە گەوهەر و ناوەرۆكی مۆسیقای كوردی چ نهێنێەكی تێدایە كە بەم چەشنە ژەنیاران و گۆرانیبێژانی خوراسانی هۆگری بوون؟
یەلدا عەباسی: دەوڵەمەندبوونی ئەو مۆسیقایە، بەربڵاوی و بەرفرەهیی نوتە و مێلۆدییە كوردییەكانە.
\"5224.jpg\"
ئاژانسی كوردپا: گرووپی كوات هەتا چەندە پابەندی مۆسیقای فۆلكلور و شێعرە كوردییەكانە و چ بەرنامەیەكتان بۆ داهاتوو هەیە؟
یەلدا عەباسی: چونكە دەسپێكی كارەكەمان بەو مۆسیقایە بووە، من بۆ خۆم وەكوو ژەنیار و گورانیبێژی گرووپەكە، رێزێكی تایبەتیم بۆی هەیە و پێم خۆشە لەو پێوەندییەدا چالاكی زیاترم هەبێ‌ و ئامانجیشم لە داهاتوودا وتنەوەی مێلۆدییە رەسەنەكان و دابەشكردنی تازەوە دەبێت.

ئاژانسی كوردپا: گرووپی كوات لە بواری مۆسیقای فارسیدا چالاكی نواندووە و یان لە داهاتوودا ئەنجامی دەدەات؟
یەلدا عەباسی: هەتا ئێستا ئەو گرووپە كارێكی لەم چەشنەی ئەنجام نەداوە و ئامانجی سەرەكیی ئێمە وتنەوەی گۆرانییە رەسەنەكانە كوردییەكانە بە دابەش كردنی نوێیەوە دەبێت و ئالبۆمی دووەمیش هەر بەو شێواز و رێچكەیە دەبێ.