گوڵاڵە مورادی پاش ساڵێک و ٧ ڕۆژ لە زیندانی ورمێ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

13:53 - 4 بانەمەڕ 2722

ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ی بانەمەڕ، "گوڵاڵە مورادی" هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار، پاش ساڵێک و ٧ ڕۆژ دەسبەسەری بە شێوەی کاتی بە دانانی بارمتە لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ ملیۆن تمەنی هەتا کاتی دادگاییەکەی بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.

ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، "گوڵاڵە مورادی" بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەڕ چارەنووس و پێڕانەگەیشتن بە دۆسیەکەی، لە بەندی ژنانی زیندانی ورمێ مانی لە خواردن گرتبوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە.

گوڵاڵە مورادی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، سەرەڕای ئازار و ئەشکەنجە، بۆ دانپێنانی زۆرەملێ بەردەوام لەژێر گوشاردا بووە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٠، گوڵاڵە مورادی وێڕای دوو کوڕەکەی بە ناوەکانی "مەتین بەزازی" و "تاهیر بەزازی" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کرابوون.

ئەو سێ هاووڵاتییە پاش کوژرانی عوسمان حاجی حوسێنی، ئەندامی سپای پاسداران، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و کوڕەکانی گوڵاڵە پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەیان ئازاد کران.

مانگی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو، گوڵاڵە مورادی پاش کۆتایی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.