گوڵاڵە مورادی ماوەی ٩ مانگە لە زیندانی ورمێ چارەنووسی ناڕوونە

11:03 - 30 بەفرانبار 2721

هاووڵاتییەکی ژن بە ناوی "گوڵاڵە مورادی" خەڵکی شاری پیرانشار، سەرەڕای تێپەڕینی ٩ مانگ لە دەسبەسەرکردنی، هەتا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە و لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگیراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە و هەتا ئێستا کۆبوونەوەی دادگاییکردنی بەرێوە نەچووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە دەڵێت؛ هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا ئەوەشی خستە ڕوو گوڵاڵە مورادی لە ماوەی ئەو ٩ مانگەدا، سەرەڕای ئازار و ئەشکەنجە، بەردەوام لە ژێر گوشار دابووە بۆ دانپێنانی زۆرەملێ.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢٨ی خاکەلێوە، گوڵاڵە مورادی وێڕای دوو کوڕەکەی بە ناوەکانی "مەتین بەزازی" و "تاهیر بەزازی" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کرابوون.

ئەو سێ هاووڵاتییە، پاش کوژرانی عوسمان حاجی حوسێنی، ئەندامی سپای پاسداران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و کوڕەکانی گوڵاڵە پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەیان، ئازاد کران.

مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، گوڵاڵە مورادی پاش کۆتایی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرا.