گوڵاڵە مورادی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ چارەنووسی ناڕوونە

22:26 - 4 خەزەڵوەر 2721

هاووڵاتییەک بە ناوی "گوڵاڵە مورادی"، خەڵکی پیرانشار، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٦ مانگ لە دەسبەسەرکرانی، هەنووکە لە زیندانی ناوەندیی ورمێیە و هەروا چارەنووسی ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری کراوە و هەتا ئێستا کۆبوونەوەی دادگایی بۆ ناوبراو بەڕێوە نەچووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتوویەتی: "گوڵاڵە مورادی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا سەرەڕای ئەوەیکە ئازار و ئەشکەنجە دراوە، بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشاریش بووە".

سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢٨ی خاکەلێوە، گوڵاڵە مورادی وێڕای دوو کوڕەکەی بە ناوەکانی "مەتین بەزازی" و "تاهیر بەزازی" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کرابوون.

ئەو سێ هاووڵاتییە، پاش کوژرانی عوسمان حاجی حوسێنی، ئەندامی سپای پاسداران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و کوڕەکانی گوڵاڵە پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەیان، ئازاد کران.

مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، گوڵاڵە مورادی پاش کۆتایی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرا.