گوڵاڵە مورادی بە زیندان مەحکووم کرا

11:02 - 14 خەزەڵوەر 2722

گوڵاڵە مورادی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار، لەلایەن لقی ٣ی دادگای کەیفەری ١ی جێگیر لە شاری مەهاباد، بە زیندان مەحکووم کرا.

بەپێی ئەو حوکمە داسەپاوە، لە دژی گوڵاڵە مورادی، لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا، ئەو ژنە بە تۆمەتی بەشداریی لە کوشتنی بە ئەنقەستی "عوسمان حاجی‌حوسێنی" بە ١٠ ساڵ و ڕۆژێک زیندانی تەعزیری مەحکووم  کرابوو کە بە لێخۆشبوونی بنەماڵەی کوژراوەکە، دادگا بە پشتبەستن بە بەندی ئەلف لە مادەی ٣٧ و بەندی ئەلف لە مادەی ٣٨، لە یاسای سزای ئیسلامی پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٢، سزای ١٠ ساڵ و ڕۆژێک زیندانی تەعزیری گوڵاڵە، بە دوو پلە کەمکردنەوەی بە ٤ ساڵ زیندانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەری پێشوو، حوکم داوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٤ی بانەمەڕ، گوڵاڵە مورادی پاش ساڵێک و ٧ ڕۆژ دەسبەسەری بە شێوەی کاتی بە دانانی بارمتە لە زیندانی ورمێ ئازاد کرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، گوڵاڵە مورادی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەڕ چارەنووس و پێڕانەگەیشتن بە دۆسیەکەی، لە بەندی ژنانی زیندانی ورمێ مانی لە خواردن گرتبوو.

گوڵاڵە مورادی لە ڕۆژی شەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٠، ماوەیەک بە شێوەی ناڕوون لە گرتنگەدا بووە و لەو ماوەیەدا لە دەستپێڕاگەیشتن بە پاڕێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.

گوڵاڵە مورادی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، سەرەڕای ئازار و ئەشکەنجە بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ، بەردەوام لەژێر گوشاردا بووە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٠، گوڵاڵە مورادی وێڕای دوو کوڕەکەی بە ناوەکانی "مەتین بەزازی" و "تاهیر بەزازی" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کرابوون.

ئەو سێ هاووڵاتییە پاش کوژرانی عوسمان حاجی حوسێنی، ئەندامی سپای پاسداران، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و کوڕەکانی گوڵاڵە پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەیان ئازاد کران.

مانگی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو، گوڵاڵە مورادی پاش کۆتایی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.