گوندێکی ناوچەی سەردەشت لەلایەن هیزی ئینتزامییەوە گولـلە باران کرا

14:16 - 24 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: لە کاتێکدا ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی گوندی مەزناوێ لەناوچەی ئالانی سەردەشت، بەمەبەستی دابین کردنی بژیویی ژیان لە رێگەی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهاری چووبوونە کوێستانەکانی \"تاڵش\" لە ناوچەی سەردەشت، لەلایەن هیزە ئینتزامییەکانی پاسگای بێتووشەوە دراونەتە بەر دەستڕێژی گولـلە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی یەکێک لە دانیشتوانی گوندی مەزناوێ، رۆژی پێنج‌شەممەی حەفتەی رابردوو لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئینتزامییەکانی جێگیر لە پاسگای بێتووش، بۆ سەر هاووڵاتییان، سەربازێک بە تەقەی خودی ئەو هێزانە بریندار بووە و ٣ سەر هێستری هاوولاتیانیش بەکوشت چوون.

سەرچاوەکە روونیشی کردەوە؛ دوابەدوای برینداربوونی ئەو سەربازە، فەرماندەری پاسگای بێتووش بەناوی \"دووستی\"، داوای یارمەتی لە خەلکی مەزناوێ دەکات، بەڵام بەهۆی سووکایەتیی ئەو هێزانەوە بە هاووڵاتییانی گوندەکە، خەڵک هیچ یارمەتییەکیان نادەن و لە ئەنجامدا فەرماندەری ئەو پاسگایەوە هەڕەشەی تیرباران کرانی گوندەکە دەکات.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی؛ \"رۆژی هەینی فەرماندەری پاسگای بێتووش بە ٦٠ کەس هێزی ئینتزامییەوە و بە بیانووی کۆکردنەوەی ماهووارە هێرشیان هێنایە سەر گوندی مەزناوێ و دەستیان بە هاویشتنی گازی فرمێسک‌ڕێژ بۆ نێو حەوشەی خانووبەرەی هاووڵاتییان و تەقە کردن لە حەوشەی خانووبەرەی دانیشتوانی گوندەکە کرد\".

سەرچاوەکە راشیگەیاند؛ لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانەدا تانکڕێکی هەزار لیتری لە نێو خانووبەرەی هاووڵاتییەک بەناوی \"دڵشادی حەمە سمایلی مەزناوێ\" ئاگری تێبەربوو، کە بەو هۆیەوە خانووبەرەی ناوبراو بە تەواوەتی لە ئاگردا سووتا.

ئەو سەرچاوەیە روونیشی کردەوە، بەهۆی ئەوەی ماوەی نزیک بە مانگێکە بازاڕچەی سنووریی ئەشکان داخراوە و هەموو جۆرە هاتووچۆی کۆڵبەران لەو سنورە قەدەغە کراوە، هاووڵاتییانی گوندی مەزناوێ بە مەبەستی دابین کردنی بژیویی ژیان لە رێگەی کنگر و رێواس فرۆشییەوە، روویان لە چیای تاڵش کردبوو، بەڵام لەلایەن پاسگای بێتووشەوە درانە بەر دەستڕێژی گولـلە و ٣ هێستریان لێ کوشتوون و ٢ هێستری دیکەشیان لێ بریندار کردوون.

دەگوترێت، ئەو هەڵسووکەوتەی پاسگای بێتووش ناڕەزایەتیی بەرینی خەڵكی ناوچەی ئالانی سەردەشتی لیکەوتۆتەوە و رۆژی هەینی فەرمانداری سەردەشت سەردانی مەزناوێی کردووە، کە لەئەنجامدا لەگەڵ ناڕەزایەتیی بەرینی دانیشتوانی گوندی مەزناوێ بەرەوڕوو بۆتەوە.