گوندێکی ١٨٠ ماڵیی سەر بە شاری پاوە ئاوی خواردنەوەی نیە

20:09 - 15 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: ١٨٠ بنەماڵەی یەکێک لە گوندەکانی سەر بە شاری پاوە لە پارێزگای کرماشان، لە ئاوی خواردنەوە بێبەرین.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، گوندی \"میر عەبدلی\" سەر بە شاری پاوە، کە ١٨٠ بنەماڵە لەخۆ دەگرێت لەگەڵ کێشەی کەمیی ئاوی خواردنەوە بەرەوڕوون و دانیشتوانەکەی ئاوی خواردنەوە بە پارە دەکڕن.

موختاری گوندی میرعەبدلی لە وتوێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی خۆجێیی هەزار ماسولە ڕایگەیاند: کێشەی سەرەکیی ئەو گوندە نەبوونی ئاوی خاوێن بۆ خواردنەوەیە و خەڵکی ئەو گوندە ڕۆژانە بۆ دابین کردنی ئاوی خاوێن تووشی کێشە و گرفتێكی زۆر دەبنەوە.

بە وتەی ڕەفعەت کەریمی؛ نەبوونی گەڵاڵەیەکی ڕوون و بە نیوەچڵی هێشتنەوەی قیرتاوی ڕێگاو بانی نێوان گوندی \"ئارێت\" بۆ گوندی \"میر عەبدلی\"، یەکێکی دیکە لە کێشەکانی خەڵکی ئەو گوندەیە.

هەروەها بەرپرسی شۆرای ئەو گوندە ڕایگەیاند؛ ئەو کاتەی کە ئەو گوندە ٢٠ بنەماڵەی تێدابووە، لە کانیاویک بۆ ئاوی خواردنەوە کەڵکیان وەردەگرت و ئێستاش کە ئەو گوندە ١٨٠ماڵە ئاوی خواردنەوەیان هەر لەو کانیاوە دابین دەکەن.

مەناف ئەحمەدی لە درێژەدا دەڵێت؛ چەندین جار سەردانی پارێزگامان کردووە، ئەو کێشەمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندییدارەکان باس کردووە، بەڵام بێ‌ئاکام بووە.

حەشیمەتی دانیشتوانی گوندی میر عەبدلی ٥٤٤ کەسە و ڕووبەری ئەو گوندە ٥٤ کیلۆمێتری چوارگوشەیە و لە ١٦ کیلۆمێتریی پاوە، لە بەخشی باینگان هەڵکەتووە.