٥١٣ گوندی پارێزگای كرماشان لەگەڵ كێشەی كەمبوونی ئاو بەرەوڕوون

15:40 - 23 جۆزەردان 2716
ئاژانسی كوردپا:٥١٣گوندی پارێزگای كرماشان بە حەشیمەتی نزیك بە ٤٠ هەزار كەسەوە لەگەڵ كێشەی كەمبوونی ئاو بەرەوڕوون.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیسنا، ئیرەج شەهبازی بەڕێوەبەری كۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی گوندەكانی پارێزگای كرماشان لە كۆبوونەوەی شوورای پلاندانانی ئەو پارێزگایەدا وێڕای ئاماژەكردن بەوەی كە بۆ باسكردن لە دۆخی ئاوی گوندەكان، ٣ حاڵەتی چالاك، نیوەچالاك و ناچالاك یان \"بێبەش\" دیاری كراون، ڕایگەیاند: \" لە دۆخی چالاكدا پەرتووكاویی هێڵەكانی گواستنەوەی ئاو ٣٠% و لە دۆخی نیوە چالاكدا لە نێوان ٣٠% تا ٧٠%دایە و لە دۆخی ناچالاكدا ئەو پەرتووكاوییە زیاتر لە ٧٠% دەبێت یان گوندەكان بە تەواوی لە هێڵی گواستنەوەی ئاو بێبەشن.

بە پێی وتەی ئەو بەرپرسە حكوومەتییە، لە٢٦٠٢ گوندی پارێزگای كرماشان، ٥١٣گوند لە حاڵەتی ناچالاكی یا \"بێبەشی\"دان و ٤٩٦ گوندیش نیوە چالاكن.

بەڕێوەبەری كۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی گوندەكانی پارێزگای كرماشان هەروەها باسی لە بوونی ٢٨٥٦ كیلۆمتر هێڵی گواستنەوە و ٤٩٦٦66 كیلۆمتر تۆڕی دابەشكردن لە بەشی ئاو و ئاوەڕۆی گوندەكانی ئەو پارێزگایەدا كرد.

ناوبراو وێڕای ئاماژە بە تێچووی قورسی پاراستن و چاككردنەوەی هێڵەكانی ئاو، ڕایگەیاند: \"ئەو تێچووە بۆ هەر گوندێك لە ساڵدا ٢٠٣ میلیۆن تمەن و بۆ هەر تاكێك لە ساڵدا ٩٣٠٠ تمەنە\".

بوونی كێشەی ئاو لە گوندەكانی ناوچەی پڕئاوی زاگرۆسدا و باسكردن لە تێچووی قورسی دابینكردنی ئاوی خواردنەوەی خەڵكی ئەو گوندانە لە حاڵێكدایە كە حكوومەتی ئیسلامیی ئێران هەموو ساڵێك بوودجەیەكی زۆر بۆ پرۆژەكانی ئاوەدانكردنەوە و لەوانەش پرۆژەكانی گواستنەوەی ئاو لە وڵاتانی وەك لوبنان، عێراق، سووریە و ... تەرخان دەكات.