گوشارەکانی بەرپرسانی زیندانی سەقز بۆ سەر زیندانییەکان پاش هەڵاتنیان زیادی کردووە

12:01 - 14 بانەمەڕ 2720

پاش هەڵاتنی زیندانییانی زیندانی ناوەندیی سەقز، بەرپرسانی زیندانی ئەو شارە، بە شێوەی جۆراوجۆر گوشاری زیاتریان خستووەتە سەر بەندکراوەکان.

بە وتەی بنەماڵەی یەکێک لە زیندانییەکانی زیندانی سەقز، بەرپرسانی زیندان ئیزنی چاوپێکەوتنی بنەماڵەکانیان لەگەڵ زیندانییەکان قەدەغە کردووە و تەنانەت ئیزنی پەیوەندیگرتن لە ڕێگای تەلەفۆنەوە بە زیندانییەکان لەگەڵ بنەماڵەکانیان نادەن.

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، لەم ماوەیە وەدا ئەو زیندانییانەی کە لە زیندانی بازدا بوون، کارکردنیان لێ قەدەغە کراوە و پێیان ڕاگەیاندووە کە لە ئەگەری ناڕەزایەتی دەربڕین، لەگەڵ سزای توندتر بەرەوڕوو دەبنەوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند کە سەرەڕای چەند جار سەردانی زیندانی سەقزیان کردووە بۆ چاپێکەوتن لەگەڵ کوڕەکەیان، بەڵام مەئموورانی زیندان هەڕەشەی دەسبەسەرکردنیان لە بنەماڵەی بەندکراوەکان کردووە.

سەرچاوەی کوردپا هەروەها دەڵێت: "پاش هەڵاتنی زیندانییەکانی زیندانی سەقز، بەرپرسانی زیندان بۆ چاوترسێنکردن و ئازاردانی زیندانییەکان، هەموو چاوپێکەوتن و پەیوەندییەکیان لە زیندانییەکان قەدەغە کردووە، ئەمەش نیگەرانیی بنەماڵەی بەندکراوەکانی زیندانی سەقزی لێکەوتووەتەوە".