گوشارەکان بۆ سەر بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکان بەردەوامە

14:56 - 26 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز، بنەماڵەی یەکێک لە ئەندامانی حیزبە کوردییەکانی بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کرد و داوای هاوکاری لێکردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی گەلاوێژ، بنەماڵەی یەکێک لە ئەندامانی حیزبە کوردییەکان لە شاری سەقز، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگهێشت و داوای هاوکارییان لێ کردوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"ئیتلاعاتی شاری سەقز بۆ چەندەمین جار لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا بنەماڵەی چالاکێکی سیاسی سەر بە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانیان بانگهێشت کردووە و سەرەڕای ئەوەیکە خوازیاری هاوکاری کردنی ناوبراو لەگەڵ ئیتلاعات بوون پێیان ڕاگەیاندووە، ئەگەر هاوکاری نەکەن لەگەڵ کوشتن بەرەوڕوو دەبنەوە\".

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز، لە حەوتووی ڕابردوودا، سێ جار ئەم هاووڵاتییە تەمەن ٦٠ ساڵەیان بانگهێشتی ئەو ناوەندە کردووە و داوای هاوکارییان لێ کردووە کە لەگەڵ دژکردەوە و ناڕەزایەتی ناوبراو بەرەوڕوو بوونەتەوە و لە کۆتاییشدا مەئموورانی ئیتلاعات هەڕەشەی کوشتنیان لێکردووە\".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ساڵی رابردوو، یەکێک لە کچەکانی ئەو بنەماڵە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان دەسبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەند کەسێک لە ئەندامانی بنەماڵەی حیزبە کوردییەکانی بانگهێشتی ئەو ئیدارە ئەمنیەتییە کردووە و داوای لێ کردوون، کە بچن کوڕەکانیان کە ئەندامی حیزبە کوردییەکانن بیانهێننەوە.