گوشارە حکوومەتییەکان بۆ سەر بازاڕییانی شاری مەهاباد

15:56 - 29 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی قەرزداربوونی شارەداریی شاری مەهاباد، زەوییەکانی تاناکورای ئەو شارە بە کەسێکی خەڵکی شاری تەورێز فرۆشراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئەندامانی شۆرای شارەداریی شاری مەهاباد، زەوی تاناکورای ئەو شارەیان بۆ فرۆش ناوەتە موزایدە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: تاناکورای مەهاباد زەوییەکی گەورەی هەیه که بۆ پارکینگ و سرویس بێهداشتی کەڵکی لێ وەردەگیرا و یەکێکیان یەک دوو ساڵ له‌وه پێش بە هۆی قه‌رزداربوونی شارداریی هه‌مووی کرا به دووکان و به حاڵەتی موزایده به خەڵک فرۆشرا، که لەو نێوه‌دا کڵاو بەرداری زۆر کرا.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، تا ئه و جێگایەی من ئاگاداریم هەبێت ئەندامانی شارداریی و شۆرای شاریش لەو نێوەدا پارەیەکی زۆریان خواردووە و دووکانی باشیان بۆ خۆیان داناوە و ئەمە جگە لەوەی کە پارتیبازییەکی زۆریان بۆ خزمەکانیان کردووە، هیچی تر نییە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ئێستاش ئه‌و پارکینگه که ماوه‌ته‌وه و ماشینی موسافران و خەڵک له وێ ڕادەگیرێت، ده‌یانه‌وێ هه‌مان سیاسه‌ت بۆ دووپات بکەنەوە.

سەرچاوەکە هەروەها، ڕایگەیاند: شارەداریی شاری مەهاباد زۆر قەرزدارە و ده‌یەوێ له‌و ڕێگایەوە هه‌م قەرزەکانیان بدەنەوە و هه‌میش خۆشیان پارەیەکیان دەست بکەوێت.

ناوبراو ئەوەشی بە ئاژانسی کوردپا راگەیاند: لەو پەیوەندییەدا، ئه‌تڵه‌س (بێڵی میکلانیکی) هاتووە دسبه‌کار بن و دووکاندارانی تاناکورافرۆشی ڕێگەیان بە ئەتڵەسەکە نەداوە و ماشینەکانیان بردووەتە نێو پارکینکەکە و ڕێگریان لەو کارە کردووە.

سەرچاوەکە لە کۆتاییدا دەڵێت: دواتر خاوەن دووکانەکانی تاناکورای شاری مەهاباد ویستان لە هەمبەر ئەو کارە ناڕەزایەتی دەرببڕن، بەڵام مەئموورانی ئەماکن و ئیتلاعات نه‌یانهێشتووە و وتوویانه: نابێت بچنە نێو شار و قەرەبالغی بکەن و لەو پەیوەندییەدا، تێکه‌ڵچوون له نێوان مەئموران و خەڵک و ئەندازیارانی ئەو پرۆژەیە هاتووە ئاراوە و دواتر ئەماکن و بەرپرسانی حکوومەتی لەو شارە، وتوویانە ماوەی ١٠ ڕۆژ موڵەتمان پێ بدەن تا چارەسەرییەکی بۆ دەدۆزینەوە.