گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد بۆ سەر ژنە ڕۆژنامەڤانێکی کورد

20:12 - 9 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان، لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا، لانیکەم دوو جار بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد کراوە.

بە پێی هەواڵی گەیشتووبە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا: ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕێبەندان، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا، بۆ جاری دووهەم داوای لە \"نیشتیمان ئەسعەدی\" هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان کردووە بە مەبەستی لێپێچینەوە ڕۆژی شەممە سەردانی ئەم ئیدارەیە بکات و هەروەها بە ناوبراویان ڕاگەیاندووە کە بنەماڵەکەی لەم سەردانە ئاگادار بکاتەوە، چوونکە ئەو سەردانە ئەگەری هەیە درێژ ماوە بێت و لای ئەوان بمێنێتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: بەپێچەوانەی داخوازی ئیداری ئیتلاعات، نیشتمان ئەسعەدی ئەم داوایەی ناوەندە ئەمنیەتییەی ڕەت کردووەتەوە و پێداگری کردووە کە تەنیا لە ئەگەرێکدا سەردانی ئەم ئیدارەیە دەکات کە حوکمی دەزگای قەزایی لە پەیوەندی لەگەڵ بانگهێشت کرانی خۆی بەدەست بگات.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، بەهۆی خۆبواردنی ئەسعەدی لە ڕۆژی شەممەدا، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد پەیوەندییان بەم ڕۆژنامەنوسەوە کردووە و هەڕەشەی ئەوەیان لێکردووە کە ئەگەر تا ڕۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە پەیوەندی بەم ئیدارەوە نەکات ئەوە ناوبراو دەستبەسەر دەکەن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: بیست و سێهەمی نوامبەری ساڵی ٢٠١٧ی زایینی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد دوای بانگهێشت کردنی ئەسعەدی داوای ئەوەیان لێکردبوو کە دەبێت سەرجەم چالاکییە ڕۆژنامەڤانییەکانی ڕابگرێت. مەگەر ئەوەی نێوەرۆکی ڕاپۆڕت و چاوپێکەوتنەکانی بەر لە بڵاوبوونەوە لەگەڵ ئەم دەزگا ئەمنییەتییە هەماهەنگ بکات.

نیشتیمان ئەسعەدی لەدایکبووی شاری نەغەدە و نیشتەجێی شاری مەهاباد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دایە. ناوبراو لە بوارەکانی مافی مرۆڤ و مافی ژنان چالاک بووە و زیاتر لەیەک ساڵە وەکوو پەیامنێری ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان چالاکی دەکات.