گوشاری ئیتلاعاتی شاری شنۆ لەسەر بنەماڵەی زیندانیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام بەردەوامە

15:35 - 10 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ، گوشاری بۆ سەر بنەماڵەی زیندانییەکی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدامی زیاتر کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٩ی پووشپەڕ، هێزە ئیتلاعاتییەکان، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی باوکی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، زیندانیی سیاسیی کورد مەحکووم بە ئێعدام و گەمارۆی ئەو بنەماڵەیان داوە.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، زیاتر لە ٢٠ کەس لە هێزە ئیتلاعاتییەکان ماڵی باوکی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردەیان گەمارۆ داوە و دەستییان کردووە بە پشکنینی ماڵەکەی.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش پشکنینی ماڵی باوکی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، برای ئەو زیندانییە سیاسییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواست.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە ئەوەشی خستەڕوو، بنەماڵەی عەبدڵڵاپوور، لە ترسی دەسبەسەرکردنیان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکان بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی فەرهاد عەبدوڵڵاپوور، سەردانی ناوەندە ئیتلاعاتییەکانیان نەکردووە.

ئەو سەرچاوەیە لە کۆتاییدا، باسی لە گوشارهێنانی زیاتری هێزە ئیتلاعاتییەکان بۆ سەر بنەماڵەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، زیندانیی سیاسیی کوردی کرد.

ڕۆژی شەممە ٩ی پووشپەڕ، \"فەرهاد عەبدوڵڵاپوور\"، برای هیدایەت عەبدوڵڵاپوور زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، \"هیدایەت عەبدوڵڵاپوور\" کوڕی ئەبووبەکر زیندانیی سیاسیی کورد بۆ دووهەمین جار لە دادگای ئینقلابی شاری ورمێ دادگایی کرا؛ دادگا ناوبراوی بە تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" دووبارە بە ئێعدام مەحکووم کرد.