گوشاری ئیتلاعات و کەشی ئەمنییەتی هۆکاری ڕاگیرانی چالاکیی کۆڕی فەقیهی زانایانی سوننی مەزهەبی کوردستان ڕاگەیەندراوە

16:24 - 23 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆڕی فەقیهیی زانایانی سوننی مەزهەبی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک چالاکییەکانی خۆی بە هەڵپەسێردراوی ڕاگرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی پووشپەڕ، کۆڕی فەقیهیی ژمارەیەک لە زانایانی سوننه مەزهەبی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە دانیشتنێکی هاوبەشدا، بڕیاری ڕاگرتنی کار و چالاکییەکانی خۆی هەتا ماوەیەک دیاری کراو دا.

ئەو کۆڕە فەقیهیە بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک هۆکاری ڕاگیرانی چالاکییەکانی خۆی بۆ \"بارودۆخی هەستیاری ناوچە و کێشە و گیروگرفتی پێشهاتوو لە ڕێگای چالاکیی ئەو کۆڕە\"ڕاگەیاندووە.

\"\"حەسەن ئەمینی، قازی شەرعی خەڵکی کوردستان لە پەیوەندییەکی کورتی تەلەفوونی لەگەڵ هەواڵنێری کوردپا لە شاری سنە،ڕایگەیاند:\"گوشاری وەزارەتی ئیتلاعات و کەشی ئەمنییەتی زاڵ لە کوردستان\" هۆکاری سەرەکیی ڕاگرتنی چالاکییەکانی کۆڕی فەقیهیی ژمارەیەک لە زانایانی سوننه مەزهەبی کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕاگەیاند.

قازی شەرعی خەڵکی کوردستان ڕاگەیاند:\" دابینکردنی ئەمنییەتی ئەندامانی کۆڕ و پێشگرتن لە بانگهێشت و هەڵسووکەتی نایاسایی لەگەڵ ئەواندا لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکان بە یەکێک لە هۆکارەکانی ڕاگرتنی چالاکییەکانی ئەو کۆڕەی ڕاگەیەندراوە.

ناوبراوە هەروەها دەڵێت:\" پاش ئەو ڕووداوانەی ئەم دوایانە کە هاتە پێش، کەش تەواو میلیتاریزە و ناوەندەکانی ئەمنیەتی، زانایانی فەقیهی بانگهێشتو دەستبەسەر کردووە\".

حەسەن ئەمینی هەروەها دەڵێت:\" کۆڕی فەقیهیی ژمارەیەک لە زانایانی سوننه مەزهەبی کوردستانی ڕۆژهەڵات نزیەکەی ٤٠٠ ئەندامی هەیە و پێشتر زۆربەی ئەوان بۆ ناوەندە ئەمنیەتییەکان بانگهێشت و بەڵێننامەی نووسراوەیان لێ وەرگیراوە\".

گوشاری ناوەندە ئەمنیەتی بۆ سەر کۆڕی فەقیهی ژمارەیەک لە زانایانی سوننه مەزهەبی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە کاتێکدایە کە ئەو کۆڕە هیچ جۆرە چالاکییەکی سیاسی نەبووە تەنیا بۆ وڵامدانەوە بە پرسی فەقیهی و نوێ و بەدواداچوونی حقووقی سێنفی زانایانی سوننه مەزهەب و هەروەها پەیوەندیی زانایان و مامۆستایانی ئایینی بەپێی ئۆسووڵی ١٢ و ٢٦ یاسایی بنەڕەتی دامەزراوە.