گوشاری ئیتلاعات بۆ سەر بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی بەردەوامە

13:31 - 15 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامیاران گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە دژبەرکانیی حکوومەتی ئێران، بۆ هێناوەی کوڕەکانیان و ڕادەست کردنەوەیان بە ئێران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری کامیاران سەر بە پارێزگای سنە ئەندامانی بنەماڵەی حیزبە کوردییەکانیان بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئیدارەی ئیتلاعات گووشاری خستۆتە سەر بنەماڵەی یەکێک لەو چالاکە سیاسییانە کە لە ڕیزی حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێرانە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی بۆ ئاژانسی کوردپا خستەروو، ئیدارەی ئیتلاعات بەم بنەماڵەیان ڕاگەیاندووە، لەگەڵ کوڕەکانتان قسە بکەن با بگەڕێنەوە و تەمەنیان بە خۆڕایی لە دەست نەچێت.

بەهاری ساڵی ڕابردوو، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری کامیاران هێرشیان کردبووە سەر ماڵی چەند ئەندامێکی حیزبە کوردییەکان و پاش پشکنین، دەستیان بە سەر هێندێک کەلوپەلی شەخسی ئەو بنەماڵەیەدا، گرتبوو.

چاوەدێرانی سیاسی هۆکاری بانگهێشت کردنی ئەندامانی بنەماڵەی حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ چالاکیی بەرچاوی حیزبە کوردییەکان لە یەک ساڵی ڕابردوودا، دەگەڕێننەوە.