گوشاری هێزە ئەمنیەتییەکان بۆ سەر چالاکانی کرێکاری بەردەوامە

16:00 - 20 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: گوشاری هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەت بۆ سەر چالاکانی کرێکاری لە شاری سەقز زیاتر بووە و لەو پەیوەندیەدا، چالاکێکی کڕیکاری لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەکانەوە لێی درا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حەوتووی ڕابردوو لە ڕۆژی ١١ی بانەمەڕ، هێزە ئەمنیەتییەکان لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێورەسمی ڕۆژی کرێکاران لە شاری سەقز، هێرشیان کردە سەر مەحموود ساڵحی و لێیان دا.

هەواڵی نێردراو بۆ ئاژانسی کوردپا باس لەوە دەکات کە؛ ڕۆژی ١١ی بانەمەڕ، هێزە ئەمنیەتییەکان چاوەدێرییەکی توندیان خستبووە سەر چالاکانی کرێکاری و ئیزنی نزیک بوونەوەی چەند چالاکێکی کرێکارییان لە ئەو ڕێوڕەسمە لە گۆڕەپانی هەڵۆی شاری سەقز، نەدابوو.

یەکێک لە چالاکانی کرێکاری لە پەیوەندییەکی کورتی تەلەفوونیدا بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: هێزە ئەمنیەتییەکان پێشیان بە چوونی مەحموود ساڵحی، نەجیبە ساڵح زادە و چەند چالاکێکی دیکە بۆ گۆڕەپانی هەڵۆی شاری سەقز، گرتووە.

ئەو چالاکە کرێکارییە هەروەها ئەوەشی بە ئاژانسی کوردپا گوت کە؛ هێزە ئەمنیەتییەکان بە لیباسی شەخسی لە نێو خەڵکدا ئامادە بوون و لەڕێی تەلەفوونەوە بە چالاکانی کڕیکاریی شاری سەقزیان ڕاگەیاندبوو کە؛ ئەگەر لە ماڵ بێنە دەرێ دەستبەسەرتان دەکەین.

ئەو سەرچاوە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە؛ لیباس شەخسییەکان بە یەکێک لە چالاکانی کڕێکارییان گوتووە، ئێمە دەزانین کە مەحموود ساڵحی ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانە.

بەپێی وتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزە ئەمنیەتییەکان ویستوویانە مەحموود ساڵحی دەستبەسەر بکەن، بڵام خەڵک نەیانهێشتووە و لە ئاکامدا لە ئەنجامی ئەو بگرەوبەردەدا، مەحموود ساڵحی چەند پەراسوویەکی دەشکێ.