گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان بۆ سەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسی بەردەوامە

13:21 - 25 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شار و ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری ورمێ، چوونە سەر ماڵی خەزووری یەکێک لە چالاکانی سیاسی و داوای ناونیشان و ڕێ و شوێنی ئەو چالاکە سیاسییەیان کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری ورمێ، چوونەتە سەرماڵی خەزووری \"شێرکۆ حەسەنپوور\" و داوای ناونیشانی ئەو چالاکە سیاسییەیان کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: شێرکۆحەسەنپوور کە یەکێک لە چالاکە سیاسییەکانی کوردە، ماوەیەک لەمەو پێش بە هۆی گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان، زێدی خۆی بەجێهێشت و ڕووی لە یەکێک لە وڵاتانی دەرەوە کرد.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هێزە ئیتلاعاتییەکان بەو بنەماڵەیان ڕاگەیاندووە، لە ئەگەری نەدانی ژمارە و شوێنی شێرکۆ حەسەنپوور، ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە دەسبەسەر دەکرێن.

پێشتریش، هێزە ئیتلاعاتییەکان هۆشداریان بە بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیۆنی حکوومەتی ئێران داوە، کە ئەوان لە ژێر چاوەدێریدان و لە ئەگەری پەیوەندیی گرتن بە کوڕەکانیانەوە لەگەڵ سزای لایەنە قەزاییەکانی حکوومەتی ئێران بەرەوڕوو دەبنەوە.

هەر لەو پەیوەندییە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامیاران گوشاری خستە سەر بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە دژبەرەکانی حکوومەتی ئێران، بۆ هێناوەی کوڕەکانیان و ڕادەست کردنەوەیان بە حکوومەتی ئێران.

لینکی پەیوەندیدار:
ئیتلاعاتی سپا لە شاری مەهاباد هەڕەشە لە بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە سیاسیەکان دەکات