گوشاری ‌هێزە ئیتلاعاتییەکان بۆ دانپێدانانی زۆرەملی چالاکێکی خویندکاری

20:50 - 10 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: ‌هێزە ئیتلاعاتییەکان بەمەبەستی دانپێدانانی زۆرەملی، یەکێک لە چالاکانی خوێندکارییان لە ئاودەستەکانی ئەو ئیدارەیە بۆ ماوەی ١١ ڕۆژ بەند کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەفسانە بایەزیدی چالاکی خوێندکاری و خەڵکی شاری بۆکان، کە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، لە یەکێک لە ئاودەستەکانی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ماوەی ١١ ڕۆژ بەندکراوە.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئەو چالاکە خوێندکارییە، ئەفسانە تەنیا بۆ دانپێدانانی زۆرەملی لە ئاودەستدا بەند کراوە، و هەر لەوێش نانیان پێ داوە.

\"30730.jpg\"
ئەفسانە بایەزیدی
ئەو هاووڵاتییە لە درێژەدا دەڵێت؛ بە هۆی ئازار و ئەشکەنجەی مەئموورانی زیندان، ئەفسانە بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ لە ژێرچاوەدێریی پزیشکی‌دا بووە.

بنەماڵەی ئەفسانە بایەزیدی، بە هۆی ئەو هەڵسوکەوتە نەشیاوەی بەرانبەر بە کچەکەیان کراوە، سکاڵایان لە سەر مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات تۆمار کردووە، بەڵام ‌مەئموورانی ئیتلاعات هەرەشەی بێدەنگ بوونیان لەو بنەماڵەیە کردووە.

ئەفسانە بایەزیدی لە ڕێکەوتی ٣١ گەلاوێژدا، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە بە تاوانی پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان، بە چوار ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ شاری کرمان، حوکم درابوو.

ئەفسانە بایەزیدی تەمەن ٣٠ ساڵ، ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٣ ی هەتاوی، لە شاری بۆکان لە گەڵ براکەی دەستبەسەر کرا و پاشان لەسەر بڕیاری ناوەندە ئەمنییەکان، لە زانکۆی پەیامی نووری مەراغە دەرکرا.