گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان بۆ بەڕێوەنەچوونی نەورۆز لە گوندی \"دەل\"ی مەریوان

13:22 - 29 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان، دانیشتوانی گوندی \"دەل\" سەر بە شاری مەریوان، ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆز، لەو گوندە بەڕێوەدەبەن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێزە ئیتلاعاتییەکان، گوشاری خستووەتە سەر دانیشتوانی گوندی \"دەل\" سەر بە شاری مەریوان بۆ بەڕێوەنەبردنی جێژنی نەورۆز، بەڵام هاووڵاتییانی ئەو گوندە سەرەڕای گوشارە ناوەندە ئیتلاعاتییەکان بڕیاری بەڕێوەبردنی جێژنی نەورۆزیان داوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا، ڕایگەیاند: لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێزە ئیتلاعاتییەکان بە گوشار خستنە سەر دانیشتوانی گوندی دەل بۆ بەڕێوەنەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز، ئێوارەی ئەمڕۆ ٢٩ی ڕەشەممە، جێژنی نەورۆز لەو گوندە بەڕێوەدەبەن.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزە ئیتلاعاتییەکان، گوشاریان خستووەتە سەر شۆرای گوندی دەل و پێیان ڕاگەیاندووە نابێت ڕێوڕەسمی نەورۆز لەو گوندە بەڕێوەبچیت و ئەو داواکارییەش لە لایەن دانیشتوانی ئەو گوندە ڕەت کرایەوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆزی مەلەکشاهی بە هۆی گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان لەو شارەدا هەڵوەشایەوە.

هێزە ئیتلاعاتی و ئینتزامییەکان هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆز و کەلوپەلەکانی ئەو ڕێوڕەسمەیان زەوت کردووە.