گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکان بۆ سەر بنەماڵەی چالاکێکی سیاسی و مەدەنیی کورد

14:05 - 20 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی کوردپا: بنەماڵەی \"کۆماس شابازی\" چالاکی سیاسی و مەدەنیی کورد لە مەریوان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە لەژێر گوشار دان.

کۆماس شابازی ئەندامی پێشووی \"شۆرای ناوەندیی یەکیەتیی دێمۆکراتیکی خوێندکارانی کورد\"ی زانکۆی کوردستان، لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا وێڕای پشت راست کردنەوەی ئەم هەواڵە، رایگەیاند: بنەماڵەکەی چەندین جار بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کراون و هەڕەشەیان لێکراوە و تەنانەت لەژێر گوشاری ئەو هێزانەدا، ئیدارەی موخابەراتی مەریوان هێڵی تەلەفۆنی بنەماڵەکەیانی داخستووە .

کۆماس شابازی راشیگەیاند: دوابەدوای ساڵیادی کوژرانی خوێندکاری کورد ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی زەخت و گوشار بۆ سەر خۆم و بنەماڵەکەم دەستی پێکردووەو.
\"9703.jpg\"
کۆماس شابازی،چالاکی سیاسی‌ومەدەنیی
ئەو چالاکە سیاسیە وتیشی: ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە هاوڕێ لەگەڵ چەند خوێندکاری دیکە زەخت و گوشاری خراوەتە سەر و پاشان بە ناچاری وڵاتی بەجێ هێشتووە و لە دەروەی وڵات نیشتەجێ بووە.

ئەو چالاکە سیاسییە لەدرێژەدا ئاماژەی بەوەش دا کەلە درێژەی ئەو گوشارانەدا، لە ماوەی نزیک بە یەک مانگی رابردوو، بنەماڵەکەی بە بەردەوامی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بە بەردەوامی ‌هەڕەشەیان لێکراوە و ئەمەش بۆتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی بنەماڵەکەی.

هەواڵ و زانیارییەکان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران دەربڕی ئەوەن کە ماوەیەکە لەلایەن ناوەندە ئەمنیتییەکانی حکوومەتەوە شەپۆلێک لە زەخت و گوشار بۆ سەر بنەمالەێ چالاکانی سیاسی، مەدەنی و خوێندکاری دەستی پێکردووە و بە بەردەوامی بانگ دەکرێن و لێپرسینەوەیان لێدەکرێت.