گوشاری حکوومەتی ئێران بۆ سەر مامۆستایانی ئایینی و بەڕێوەچوونی جێژنی ڕەمەزان

15:23 - 14 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای گوشار و هەڕەشەی ناوەندە ئیتلاعاتییەکان بۆ سەر مامۆستایانی ئایینیی کوردستانی ڕۆژهەڵات، شارەکانی کوردستانی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا، جێژنی ڕەمەزانیان بەڕێوە برد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری بۆکاندا، گوشاریان خستە سەر مامۆستایانی ئایینیی ئەو شارەوە، تا جێژنی ڕەمەزان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بەڕێوە نەبەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"ڕۆژی دووشەممە، ۱۳ی جوزەردان، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری بۆکاندا، سەرجەم ماموستایانی ئایینیی ئەو شارەیان کۆ کردووەتەوە و پێیان ڕاگەیاندوون کە نابێ ڕۆژی سێشەمە، بە جێژن ڕابگەیەنن و دەبێ لەگەڵ حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا جێژن بکەن، ئەگەرنا لەگەڵ سزای قورس بەرەڕوو دەبنەوە.\"

لە لایەکی دیکەوە، پێشنوێژی هەینیی شاری پاوە، دوو ڕۆژ پێش، سەردانی تەکیەی \"شێخ تەهای خالسی\" کردبوو و بە باوەڕمەندانی ئەو تەکیەیەی ڕاگەیاندبوو کە ئەگەر ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێژنی ڕەمەزان بکەن، باوەڕمەندانی ئەو تەکیەیە لەگەڵ کێشە بەرەڕوو دەبنەوە.

هەڕەشە و گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێران لە کوردستاندا، لە حاڵێکدایە کە تێکڕای شارەکانی پاوە، جوانڕۆ، کامیاران، سنە، سەقز، بۆکان، پیرانشار، سەردەشت، نەغەدە، مەهاباد و شنۆ و...، ئەمڕۆ سێشەممەیان کردە جێژنی ڕەمەزان.

هاووڵاتییانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەکوو نوێنگە و سەرچاوەی خۆیان دەزانن و لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، جێژنە ئاینییەکان بەڕێوە دەبەن.