گوشارخستنە سەر بنەماڵەی چالاکێکی مەدەنی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە

16:38 - 2 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی بانگهێشت کردن و گوشار خستنەسەر بنەماڵەی چالاکانی مەدەنی لە کوردستان، هێزەکانی ئیتلاعات لە شاری مەریوان چەند جارێک خێزانی یەکێک لە چالاکانی مەدەنی ئەو شارەیان بانگهشتی ئیدارەی ئیتلاعات کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی حەتووی ڕابردوودا، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە شاری مەریوان، خێزانی یەکێک لە چالاکانی مەدەنی ئەم شارە بە ناوی \"عەدنان قادری\"یان بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کردووە.

\"\"عەدنان قادری یەکێک لە چالاکانی مەدەنی شاری مەریوانە کە ماوەیەکە بێسەر و شوێنە و ئیدارەی ئیتلاعات هەموو ڕۆژێک خێزانی ناوبراو بۆ لێپرسینەوە بانگهشتی ئەو ئیدارەیە دەکات.

یەکێک لە نزیکانی ئەو بنەماڵەیە لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: خێزانی عەدنان بە ناوی \"شادیە فەتحی\" ماوەی ١٠ ڕۆژە، هەموو رۆژێک بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات دەکرێت.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا گوتی، لە ڕۆژی پێنجشەممەوە هەتاکوو ڕۆژی شەممە، پێنج جار خێزانی عەدنانیان بانگهشت کردووە و پێیان ڕاگەیاندووە کە ئەگەر لە زووترین کاتدا ئەو چالاکە مەدەنییەمان بۆ پەیدا نەکەی خانووکە بە سەری دا دەڕووخێنین.

بە وتەی ئەو هاووڵاتییە، ناوبراو ئەندامی ئەنجومەنی ئەدەبی ڤەژینە و ماوەی نزیک بە ٢٠ ڕۆژە بنەماڵەکەی هیچ ئاگایان لێی نییە و بێسەر و شوێنە.

عەدنان قادری، یەکێک لە ئەندامە چالاکەکانی ئەنجومەنی فەرهەنگی_ ئەدەبی ڤەژینی شاری مەریوانە و لە دایک بووی ساڵی ١٣٥٦ی هەتاویە.

هەرلەو پەیوەندییەدا، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران لە شاری جوانڕۆ، گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەی وەهاب فەخری، کە نیشتەجێی یەکێک لە وڵاتانی ئۆرووپاییە، بۆ ئەوەیکە کوڕەکەیان بگەڕێننەوە بۆ ئێران.

هەروەها، ماوەیەک لەمەوبەر، چالاکێکی کرێکاریی خەڵکی مەهاباد بە ناوی \"سەلاحەدین مالک تومەتەری\" بە هۆی گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران پەڕیوەیی یەکێک لە وڵاتانی ئورووپایی بووە.