گوشار و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەتییەکان لەسەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسیی کورد بەردەوامە

16:10 - 18 خەزەڵوەر 2721

ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، چەند بنەماڵەی چالاکانی سیاسیی کوردی بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کرد و لێپرسینەوەی لەگەڵ کردن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، پاش بانگهێشتکردن و لێپرسینەوە لەگەڵ بنەماڵەی چالاکانی سیاسیی کورد لە شاری سنە، داوای ژمارەی مۆبایل و گەڕانەوەی کوڕ و کچەکانیان بۆ ئێران کرد.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە وتی: "مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، جیا لە بانگهێشتکردنی بنەماڵەی چالاکانی سیاسی، لە ڕێگای کورتەنامە و تەلەفۆنەوە بەردەوام زەخت و گوشاریان خستووەتە سەر ئەو بنەماڵانە کە دەبێ کوڕ یان کچەکانیان کە ئەندامی حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێرانن، بگەڕێنەوە بۆ ئێران".

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لە زاری یەکێک لە بنەماڵە بانگهێشتکراوەکانەوە ڕایگەیاند، مەئموورانی ئیتلاعاتی سنە بە بنەماڵەی چالاکانی سیاسییان وتووە، لە ئەگەری نەگەڕانەوەی کوڕ و کچەکانیان، ئەوان وەکوو بارمتە دەسبەسەر دەکرێن.

هەروەها یەکێک لە چالاکانی سیاسی لەو پەیوەندییەدا بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "لە ماوەی  ڕۆژانی ڕابردوودا جگە لە بانگهێشتکردن و لێپرسینەوە لە بنەماڵەکانمان، لەلایەن لق و ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتەوە ڕاستەوخۆ بە ناردنی کورتەنامە هەڕەشەمان لێ دەکەن".