گوشار لەسەر چالاکانی مەدەنیی کورد زیادی کردووە

15:45 - 29 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە شێوەی سیستماتیک، گوشاری دوقاتی خستۆتە سەر چالاکانی مەدەنیی کوردستان.

بەپێی هەواڵی گەیشتو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو یەکێک لە ئەندامانی سەرەکیی کەمپەینی \"نا بۆ تانکێری مەرگ\" بەناوی سامان کەریمی کوڕی عەباس، بۆ دادگای کەیفەریی ٢ی شاری مەریوان بانگهێشت کراوە.

ناوبراو نامەی بانگهێشتکرانەکەی لەکاتی چوونی بۆ بەشی پێڕاگەیاندنی(دایرە ابلاغ) لقی ١٠١ و لە کاتی سەردانیدا بۆ کارێکی دیکەی بنەماڵەکەی وەرگرتووە.

\"\"
سامان کەریمی
ڕاپۆرتی گەیشتوو باس لەوە دەکات کە؛ ئەو لاوە ٢٦ ساڵەیە ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٩ی سەرماوەز لە دادگادا ئامادە دەبێ.

وێنەی گیراو لەو بانگهێشتنامەیە نیشان دەدا کە؛ \"داواکاری گشتی مەریوان\"، سکاڵای دژ بە ئەندامانی کەمپینی ناوبراو تۆمار کردووە.

سامان کەریمی کە لە هونەرمەندانی بیاڤی شانۆی سەرشەقامە، ڕۆژی ٢٢ی ڕەزبەری ئەوساڵ لە مەریوان دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٢٥ ڕۆژ زیندانی کرا.

لەهەواڵێکی دیکەدا، ئارام فەتحی چالاکێکی دیکەی مەریوانی کە بۆ دووهەمین جار لە ماوەی ١٥ ڕۆژی ڕابردوودا دەستبەسەر کرا، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری مەریوان ئازاد کرا.

\"\"
ئارام فەتحی
ناوبراو لە چەندین بۆنەی جیاوازدا سەبارەت بە کوشتنی کۆڵبەران و کاسبکارانی سەرسنوور ناڕەزایەتی دەربڕیبوو.

لەلایەکی دیکەشەوە، دۆخی سابیر نادری بەڕێوبەر و ئەندازیاری کۆمپانیای \"شهیر نرم افزار پویا\" هەروا نادیارە.

ناوبراو کە ڕۆژی ١٤ی سەرماوەز لەلایەن هێزی ئەمنیی شاری قوروە دەستبەسەر کراوە، هێشتا چارەنووسی نادیارە و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، لە شوێنی دەستبەسەرکردنی کوڕەکەیان بێ‌ئاگان.

\"\"
سابیر نادری
سەرچاوەیەکی هەواڵدەریی کوردپا ڕایگەیاند کە؛ بنەماڵەی نادری لەلایەن بەرپرسانی قوروە و سنەوە گەمەیان پێدەکرێت و بۆ ڕوون بوونەوەی دۆخی سابیر بیانوو دەهێننەوە و دەستبەسەریان دەکەن.

پێشتر شیرین عێبادی لە وتووێژێک لەگەڵ ڕاگەیەنەکاندا گوتبووی کە؛ دۆخی دەزگای دادوەری ڕوونە و ساڵەهایە سەربەخۆیی لەدەست داوە و بووەتە لقێک لە ناوەندە ئەمنیەتییەکان.