گوشار لە سەر مامۆستایانی ئایینیی کورد بەردەوامە

14:09 - 17 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی بانگهێشت کردنی مامۆستایانی ئایینی کورد، هێزە ئیتلاعاتییەکان، مامۆستای گوندی سەهۆڵانی شاری مەهابادیان بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کرد و لێپرسینەوەی لێ کراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو ١٦ی ڕێبەندان، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد، مامۆستا \"موارد ئەکرام\" مامۆستای ئایینیی گوندی \"سەهۆڵان\" سەربە شاری مەهابادیان بانگهێشت ئەو ئیدارەیە کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد، ئەو مامۆستا ئایینییەیان بە هۆی ئەوەی بانگهێشت و لێپرسینەنەوەیان لێ کردووە، کە لە نوێژی هەینی باسی لە مەزهەبی ئیمام شافعی کردووە.

ئەوە سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات دوایین هەڕەشەیان لەو مامۆستا ئایینییە کردووە، کە لە ئەگەری هەر جۆرە باسێک سەبارەت بە مەزهەبی ئیمام شافعی لەو شارە دوور دەخرێتەوە.

پێشتریش، ڕۆژی شەممە ٢ی بەرفرانبار، ناوبراو بە بیانووی پەیوەندیی لەگەڵ گرووپە \"توندئاژۆوەکان\" لە لایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کراوە و بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لێپرسینەوەیان لێ کردووە.