گوشار بۆسەر چالاکانی مەزهەبیی ناوخۆ و دەرەوەی زیندان بەردەوامە

13:49 - 23 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: هاوکات لەگەڵ بانگهێشتی دوو چالاکی مەزهەبی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، دوو زیندانیی سوننی مەزهەبیش بەهۆی مانگرتنەوە تووشی بێهۆشی هاتوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کۆتاییەکانی حەفتەی رابردوودا ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، دوو کەس لەئەندامانی مەکتەب قورئانی کوردستانی بانگهێشت کرد و بەرەوڕووی لێپرسینەوەی مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات بوونەتەوە.

لە رۆژانی ١٨ و ١٩ی پووشپەڕ، پووریا مەردۆخ رۆحانی کوری فوئاد و ئەحمەد قوڕەیشی کوڕی سەعدی، بەهۆی پەیوەندی مەزهەبیی – تەشکیلاتیەوە لەگەڵ مەکتەب قورئانی ئەحمەدی موفتی زادە، بانگهێشتی ئیتلاعاتی شاری سنە کران.

\"21003.jpg\"
مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات سەبارەت بە \"چالاکییەکانی مەکتەب قورئان و چۆنیەتیی ئاشنا بوونیان لەگەڵ ئەو رەوتە ئیسلامییە\" پرسیار و لێپێچینەوەیان لێکراوە.

سەرەتای حەفتەی رابردووش دوو ئەندامی مەکتەب قورئان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی قوروەو دێولانەوە بانگهێشت کرابوون.

هەروەها بە پێی ئەو راپۆرتانەی کە بڵاوبوونەتەوە، حامید ئەحمەد و جهانگیر دێهقانی، دوو کەس لەو زیندانییە مەزهەبییانەی کە مانیان لە خواردن گرتبوو، بەهۆی ئە ومانگرتنەوە بێهۆش بوون و بە برانکارد بۆ بێهداریی نیو زیندان گوازراونەتەوە.

ئەم دوو زیندانییە مەزهەبییە رۆژی هەینی باری تەندروستییان تێکچووەو پاش ٤ کاتژمیر راگیران لە بێهداریی نێو زیندان، بۆ ژووری تاکەکەسی گەرێندراونەتەوە.

ماوەی زیاتر لە ٣٠ رۆژە چوار زیندانیی مەزهەبیی کورد مانیان لە خواردن گرتووەو هەتا ئیستاش لەسەر ماگرتنەکەیان بەردەوامن و ماڵپەڕی چالاکانی مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی لە ئێران بلاوی کردبووە، ئەو چالاکانە رایانگەیاندووە، هەتا بۆ زیندانی رەجایی شاری کەرەج نەگەڕێندرێنەوە، لەسەر مانگرتنەکەیان بەردەوام دەبن.