گوشار بۆ سەر چەند زیندانیی سیاسی كورد/ 36 ساڵ زیندانی بۆ چوار هاووڵاتیی كورد

19:07 - 15 سەرماوەز 2711
كوردپا: زەخت و گوشار بۆ سەر ژمارەیەك لە زیندانیانی سیاسیی كورد لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنە توندتر بۆتەوە و یەك لەوان براوەتە زیندانی تاكەكەسیەوە.

چوار زیندانی سیاسیی بەناوەكانی \"لوقمان مونفەردی، نیعمەت ئیسحاقی، سەباح خەیات و پشتیوان ئاسم\" بە شێوەی بەردەوام لەژێر ئەشكەنجە و گوشار دان و ناوە بەناوە دەخرێنە زیندانی تاكەكەسێەوە.

ماڵپەڕی كەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی بڵاوی كردەوە، \"پشتیوان ئاسم\" لە چەند رۆژی رابردوودا بۆ جارێكی تر خراوەتە زیندانی تاكەكەسیەوە.

نێعمەت ئیسحاقی رێكەوتی 13ی سەرماوەزی ساڵی 1388 لە شاری كامیاران لەلایەن هێزەكانی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر كرا و دادگای ئینقلابی شاری سنە بە تاوانی هاوكاری لەگەڵ حیزبێكی ئۆپۆزیسیۆنی دژبەری حكوومەتی ئێران 12 ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە.

دوابەدوای ئیعترازی ئەو زیندانییە كوردە بە حوكمەكەی، لەلایەن دادگای پێداچوونەوە حوكمەكەی كرا بە 9 ساڵ زیندان.

\"پشتیوان ئاسم\" خەڵكی كامیاران رێكەوتی 10‎ی سەرماوەزی ساڵی 1388 دەستبەسەر كرا و لە دادگای سەرەتاییدا بە 15 ساڵ زیندانی مەحكووم كرا و پاشان حوكمەكەی لە دادگای پێداچوونەوەدا كرا بە 12 ساڵ زیندان.

دادگای ئینقلابی شاری سنە تاوانی ئەو زیندانییە سیاسیەی هاوكاری لەگەڵ ئوپۆزیسیۆنی كوردی دژبەری حكومەتی ئێران راگەیاندووە.

\"لوقمان مونفەردی\"ش لە تاوانێكی هاوشێوەدا بە 9 ساڵ زیندانی حوكم دراوە.

سەباح خەیات رێكەوتی 14‎ی سەرماوەزی ساڵی 1388 لە شاری كرماشان دەستبەسەر و لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە 6 ساڵ زیندان حوكم دراوە.

سەرجەم ئەو گیراوانە بۆ ماوەی سێ‌ هەتا چوار مانگ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی شاری سنەدا دەستبەسەر بوون.