گوشار بۆ سەر زیندانییانی سیاسی لە زیندانیی ورمێ زیادی کردووە

21:00 - 21 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زیندانیی ناوەندیی \"دەریا\" شاری ورمێ گوشاری زیاتریان خستووەتە سەر زیندانییانی سیاسی و داوای ژمارە تەلەفوونی بنەماڵەکەنیان لێ کردووە.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ڕابردوو ١٨ی گەلاوێژ، بەرپرسانی زیندانیی ناوەندیی شاری وڕمێ، داوایان لە زیندانییانی سیاسی کورد لە زیندانی ئەو شارە کردووە کە ژمارەیە تەلەفوونی بنەماڵەکەیان بە بەرپرسانی ئەو زیندانە بدەن.

بەوتەی سەرچاەیەکی ئاگادار، بەرپرسانی زیندانیی ورمێ بە زیندانییە سیاسیەکانیان ڕاگەیاندووە، لە ئەگەر نەدانی ژمارەی تەلەفوونی بنەماڵەکەیان ناتوانن لە گەڵ بنەماڵەکەیان پەیوندیی بگرن.

ئەو سەرچاەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، لە ڕۆژی ١٨ی گەلاوێژ، زیندانییانی سیاسی هیچ جۆرە پەیوەندییەکی تەلەفوونیان لەگەڵ بنەماڵەکەیان نەگرتووە و بەرپرسانی زیندانیی ناوەندیی دەریا ئیزنی پەیوەندیی گرتنی زیندانیانی سیاسی لەگەڵ بنەماڵەکەیان نەداوە.

سەرچاوەی ئاگادار لە زیندانیی ورمێ، گوشارە بەردەومەکانی بەرپرسانی زیندانیی ناوەندیی شاری ورمێ بۆ سەر زیندانییانی سیاسی کورد بۆ ئاژانسی کوردپای پشتراست کردەوە.