بەندیخانەی ورمێ؛ سزای سێدارەی سەردار قادری جێبەجێ کرا

22:11 - 3 گەلاوێژ 2726

بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٣ی گەلاوێژی ۱۴۰۵، سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی «سەردار قادری» خەڵکی مەهاباد لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێدا جێبەجێ کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە لە ڕێکەوتی ۲۰ی بەفرانباری ۱۴۰۰دا بە تۆمەتی «کوتنی بەئەنقەست» دەسبەسەر کرابوو و دواتر لەسەر هەمان تۆمەت لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

سەردار قادری خەڵکی گوندی «گاپیس» سەر بە مەهاباد، خێزاندار و خاوەنی منداڵێکە.

تا ئێستا هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە لەلایەن ناوەندە فەرمییەکان یا میدیا نێوخۆییەکانی ئیرانەوە ڕانەگەیەندراوە.