گوشار بۆ سەر بنەماڵەی زیندانییەكی سیاسیی كورد زیادی كردووە

15:36 - 11 سەرماوەز 2711
كوردپا: لە ماوەی یەك مانگی رابردوودا، بنەماڵەی زیندانیی سیاسیی كورد بێهرووز تەهماسبی، چەندین جار بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە كراون و گوشارە ئەمنیەتییەكان بۆ سەریان زیادی كردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، پاش ئەوەی كە یەكێك لە ئەندامانی بنەماڵەی تەهماسبی بەناوی \"كاوە تەهماسبی\" بەهۆی گوشارە ئەمنیەتییەكان ناچار بوو وڵات بەجێ‌ بهێڵێ‌، بنەماڵەی ئەم دوو چالاكە كوردە كەوتنە ژێر گوشارەوە و چەندین جار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێكراوە.

بەپێی زانیاریی سەرچاوەیەكی ئاگادار، باوكی ئەو دوو چالاكە كوردە، پاش چەندین جار بانگ كران بۆ ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بۆ ماوەی چەند كاتژمێر لێپێچینەوەی لێكراوە.

بێهرووز تەهماسبی، چالاكی سیاسی و یەكێك لە ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە، بە تاوانی هەوڵدان بەدژی تەناهی نەتەوەیی، چوار ساڵ حوكمی زیندانی پێدراوە و لە زیندانی ناوەندیی سەقز دەستبەسەرە.

نزیك بە یەك مانگ لەمەوبەریش كاوە تەهماسبی كوڕی دیكەی ئەم بنەماڵەیە بەهۆی زەخت و گوشارە ئەمنیەتییەكان و ئەگەری دەستبەسەر كران لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە، بە ناچاری وڵاتی بەجێ‌ هێشت.

كاوە تەهماسبی پێشتریش بە تاوانی هەوڵدان بەدژی تەناهی نەتەوەیی، بۆ ماوەی 18 مانگ لە زیندانی ناوەندیی سنە دەستبەسەر بووە.

ناوبراو یەكێك لە چالاكانی مەدەنیی سنە و ئەندامی \"ئەنجومەنی سەوەزی كوردستان\"ە.