گواستنەوەی چەکوچۆڵ بۆ کوردستان و حکوومەت نیزامی لە ناوچەی شاهۆ

14:45 - 12 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران بە ڕەوانەکردنی چەکوچۆڵی قورس بۆ ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، کەشی ئەمنییەتی لە کوردستان زیاتر کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕەزبەر، سپای پاسداران چەکوچۆڵی قورسی لە شارەکانی دیواندەرە، سنە، کامیاران و کرماشان، بۆ ناوچە سنوورییەکان ڕەوانە کرد.

ئەو چەکوچۆڵە قورسە بریتین: لە جۆری تانک و کاتیووشا، کە لە شارەکانی کوردستان بۆ ناوچە سنوورەکانی کوردستان ڕەوانە کراون.

هەروەها سپای پاسداران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لە ناوچەی شاهۆ حکوومەت نیزامی ڕاگەیاندووە.

\"\"سپای پاسداران هۆکاری حکوومەتی نیزامیی لە ناوچەی شاهۆی بۆ \"بەڕێوەچوونی مانۆڕێکی نیزامیی لەو ناوچە\"یە گەڕاندووەتەوە.

لە بەشێکی ئەم بەیاننامەیەدا هاتووە: \"سپای پاسداران بە خەڵکی گوندەکانی پاڵەنگان و گوندەکانی دەوروبەری ڕادەگەیەنێت، کە لە ڕۆژی ٧ی ڕەزبەر، مانۆڕێکی نیزامیی لە دەوروبەری لەوەڕگەکانی هانیە و گۆزیبان و تەواوی ناوچەی شاهۆ لە دێوزناو هەتا شاخی پیرخدر دەست پێ دەکات و هەتا کۆتاییی ١٨ی ڕەزبەر درێژەی هەیە و هەر جۆرە هاتووچۆی خەڵک، شاخەوانان، گەشتیارەکان لەو ناوچەیە بەبێ هەماهەنگیی لەگەڵ سپای پاسداران قەدەغەیە وبەرپرسایەتیی گیانی هەر کەسێک لە ئەگەری هاتووچۆ لەو لەوەڕگە ئاماژەپێکراوانە لە ئەستۆی خۆیانە\".

پاش مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستان، لە ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانان، لە هەمبەر نارەزایەتیدەربڕین بە ئێعدامی زیندانییانی سیاسیی کورد و مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات، سپای پاسداران مانۆڕیکی نیزامیی لە ئاستی شارەکان و ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بەڕێوە دەبات، کە چالاکانی سیاسیی کورد ئەم هەوڵەی سپای پاسداران بۆ \"ترس و دڵەڕاوکێ ئەم ڕێکخراوە نیزامییە لە هەمبەر ناڕەزایەتیی خەڵک\" دەزانن.