گواستنەوەی چەکوچۆڵ بۆ ناوچە سنوورییەکانی کوردستان درێژەی هەیە

14:51 - 10 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران دەستی بە گواستنەوەی چەکوچۆڵی قورس بۆ ناوچە سنوورییەکانی شاری ورمێ کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕەزبەر، سپای پاسداران چەکوچۆڵی قورس لە جۆری کاتیووشا و تانک ڕەوانەی ناوچە سنورییەکانی شاری ورمێ دەکات.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری ورمێ ڕایگەیاند: ئەم هەوڵەی سپای پاسداران لە ڕاستای میلیتاریزەکردنی کوردستان بۆ پێشگرتن لە چالاکیی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێرانە.

\"\"لە ماوەی ڕابردوودا، سپای پاسداران بە شێوەیەکی بەرین هەوڵی ڕەوانەکردنی چەک و کەرەستەی شەڕی لە کوردستان زۆرتر کردووە و هەر لەو ڕاستایەدا کۆمەڵێک لە بنکە کۆنە نیزامییەکان لە کوردستان بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەکانی نۆژەن کردووەتەوە.

ڕۆژانە هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی کوردستان شایەتی ڕەوانەکردنی چەکی قورس لە لایەن سپای پاسدارانەوە بۆ ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کوردستانی ڕۆژهەڵات دەبن.

پێشتر، فەرماندەییی هێزی پێشـەرگەی کوردستان سەر بە حدکا، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ئەم هەوڵانەی سپای پاسدارانی بە نیشانەی \"ترس لە چالاکیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە قووڵایی خاکی کوردستان زانیوە\".